وتەبێژی حكومەتی هەرێم: نرخی لیترێك بەنزین بۆ 690 دینار دادەبەزێت
  2021-10-25       345       

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەیەکی دیکە رۆژانە ملیۆنێک و 80 هەزار لیتر بەنزین دێتە هەرێمی کوردستان و نرخی لیترێک بەنزینیش بۆ 690 دینار دادەبەزێت.

ئاوێنە: د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گرانبونی نرخی بەنزین و سوتەمەنی بە روداوی راگەیاند"پێشتر نرخی بەرمیلێک نەوت لە نێوان 50 بۆ 60 دۆلار بو، بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتوەتە نزیکەی 86 دۆلار، بەرزبونەوەی ئەو نرخەش کاریگەریی لەسەر نرخی سوتەمەنی بە گشتی هەیە، کە لە نەوتی خاوەوە بەرهەم دەهێندرێت. بۆیە ئەو گرانبون و بەرزبونەوەی نرخە تەنیا پەیوەست نییە بە هەرێمی کوردستانەوە، ئێستا لە هەمو دونیا نرخی بەنزین و سوتەمەنییەکانی دیکە بەرزبوەتەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"سەرەڕای ئەوەش ئێمە نەوەستاوین، لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر زو بەر لە 10 رۆژ پێشتر وەزیری سامانە سروشتییەکانی راسپاردبو بۆئەوەی بە زوترین کات ئەم گرفتە چارەسەر بکات. هەندێک شت کە لە چوارچێوەی دەسەڵات و توانای حکومەتی هەرێمی کوردستانە کردویەتی."

وتوشیەتی"خۆشبەختانە ئەمڕۆ بەنزین گەیشتوەتە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت بەو رێژەیەی کە دوێنێ رامانگەیاند 540 هەزار لیتر تاوەکو سەری مانگ، دوای ئەوە دەبێتە 1080 مەتر پێ سێجا، کە دەکاتە ملیۆنێک و 80 هەزار لیتر، رۆژانە ئەو بڕە دێت لە پاڵاوگەی کار 3 و لاناس، بۆیە پێشبینی دەکەم ئەو نرخە کەمتر ببێتەوە و جێگیریش ببێت، ئەو بابەتەش لە خەمی ئێمەدایە."

ئاشكراشیكردوە"پێشبینی دەکەم لە 1ی 11وە دۆخەکە باشتر دەبێت. نرخی بەنزینەكەش عێراق بە 650 دینار بە ئێمەی دەدات... کە رەنگە نرخی گواستنەوەشی بێتەسەر، نزیکەی دەگاتە 690 دینار."

جەختیشی كردۆتەوە كە "چەند رێژەکە زیاد بکرێت، نرخەکەی زیاتر دادەبەزێت، ئێمەش لەو هەوڵەداین بتوانین ئەو نرخە جێگیر بکرێت و نرخەکەی گونجاوبێت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×