جەمیل بایک: هەواڵگریی پارتی‌ زانیاریی دەداتە ده‌زگای‌ هەواڵگریی تورکیا
  2021-10-26       559       
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند، هه‌وڵگری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان -ده‌زگای‌ پاراستن- زانیاریی دەداتە ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی توركیا -میت. به‌وته‌ی‌ ئه‌و، "هێرشەكانی‌ سوپای‌ توركیا بۆ سه‌ر گه‌ریلا دەرەنجامی پەیوەندییەکانی پارتیە لەگەڵ تورکیا".

ئاوێنه‌: جەمیل بایک لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەلنەهاری میسری باس له‌هاوكارییه‌كانی‌ نێوان ده‌زگای‌ پاراستن‌و میت ده‌كات‌و ده‌ڵێت، ڕاستە دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر سەرانسەری هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، بەڵام ئەمانە هەمووی بە بەبێ هەواڵگریی میت پێک نایەت و یەکینە هەوڵاگرییەکانی پارتی‌ زانیاریی دەدەنە میتی تورک.

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕیوەبەریی کەجەکە زیاتر باس لەهاوکارییەکانی پارتی‌ لەگەڵ میتی تورک دەکات و وەها دەڵێت، "یەکینەکانی هەواڵگریی پارتی‌ زانیاریی و ئاگاداری دەدەنە میتی تورک، بەمشێوەیە هێرش دەکەنە سەر گەریلا، ئەم هێرشانە دەرەنجامی پەیوەندییەکانی پارتیە لەگەڵ تورکیا، ئەگەر ڕێکخستنی هەواڵگری پارتی‌ هاوکاری و زانیاری نەداتە میتی تورک، ئەم هێرشانە بەمشێوەیە ناکرێت."

دەربارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و باشووری کوردستان و کاریگەریی لەسەر ناوچەکە، جەمیل بایک ئاماژەی بۆ ئەوەکردووه‌ كه‌ ئەمریکا بەو هێزانەی لێرە هەن دەتوانێ هەر شوێنێکی بوێت دەستوەردان بکات، بنیاتنانی بارەگای سەربازیی ئەمریکا لەژێر ناوچەی کۆنترۆڵی پارتی‌ لەوانەیە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئێمە هەبێت، پارتی‌ هەبوونی ئەمریکا وەک هێزێکی فشار بۆسەر پەکەکە بەکاردێنێت، هاوکات پارتی‌ بە گەمارۆدانی گەریلا پێش بۆ سوپای تورک دەکاتەوە، پارتی‌ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا لە دژی پەکەکە کار دەکات.

جەمیل بایک شیکردنەوە بۆ پێگەی سیاسیی هەولێر و سلێمانی دەکات و وتویه‌تی‌، هەولێر لە لایەنی سیاسی لاواز بووە، ئەو هێزەی کە زۆرترین پەیوەندی لەگەڵی هەیە تورکیایە ئەوەی، کە ئەوانیش دەگەیەنێتە لای یەکتر پرسی پەکەکەیە.

دەشڵێت، لەناو یه‌كێتی‌ شوێنگرتنەوەی مام جەلال ئاسان نییە، کێشەکانی ناو ئه‌و حزبه‌ کاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەیە، ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات چارەسەر دەبێت، سلێمانی و دەوروبەری خاوەن ناسنامەیەکی مێژوویین، پێویستی کوردان بە ڕێچکەی پێشینەی سیاسی سلێمانی و دەوروبەری هەیە، لە باشووری کوردستان نەوەیەکی خاوەن فکرێکی دیموکراتیک و ئازادییپارێز دەردەکەوێت و کاریگەری لەسەر لایەنی سیاسی دادەنێن.

لەبارەی چارەسەری بۆ دۆخی سوریا و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاشەوە، بە وتەی هاوسەرۆکی کەجەکە‌ چارەسەری هەرە ڕاست ڕێککەوتنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکە لەگەل حکومەتی شام‌.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، باسی لە کاریگەری ڕێککەوتنی کورد و عەرەب کرد و وتی‌،  ڕێککەوتنی کورد-عەرەب دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت، تاکە هێز کە بتوانێت پێش لە خەیاڵی دەوڵەتی تورک و نیو عوسمانی بگرێت ڕێککەوتنی کورد و عەرەبە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×