رەوتی سەدر: ئێران هەوڵیدا ویلایەتی سێیەم بۆ مالیکی مسۆگەر بکات
  2021-10-26       671       
ئەمیر کینانی
ئەمیر کینانی، سەرکردەی رەوتی سەدر ده‌ڵێت، "هیچ گومانی تێدا نییە دەستوەردان لەعێراقدا هەیەو ئێران هەوڵیدا ویلایەتی سێیەم بۆ نوری‌ مالیکی مسۆگەر بکات. ناوبراو راشیگه‌یاند، "زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی بەشدار لەهەڵبژاردن هێزی چەکدارییان هەیە بەناونیشانی جیاواز؛ لەبەغدا حەشدی شەعبیی هەیەو لەهەرێمی کوردستانیش رەنگە پێشمەرگە هەبێت".

ئاوێنه‌: له‌میانه‌ی‌ به‌ڕێوه‌چونی‌ "دیداری مێری" ئەمیر کینانی باسی لەدەستێوەردانی وڵاتان لەعێراق کردو وتی‌، لەساڵی 2014ـەوە دەستوەردان هەبووە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سەرۆکوەزیرەکان و وڵاتانی ناوچەکە لە خەمی زیادکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانن لە عێراقدا. ئەو پێیشی وایە کە ئەگەر عێراقییەکان یەکگرتوو بن، وڵاتانی دراوسێ ناتوانن دەستوەردان بکەن.

وتیشی‌، "هیچ گومانی تێدا نییە دەستوەردان لە عێراقدا هەیە و ئێران هەوڵیدا ویلایەتی سێیەم بۆ مالیکی مسۆگەر بکات."

راشیگه‌یاند، "زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی بەشدار لەهەڵبژاردن هێزی چەکدارییان هەیە بە ناونیشانی جیاواز؛ لەبەغدا حەشدی شەعبیی هەیە و لە هەرێمی کوردستانیش رەنگە پێشمەرگە هەبێت؛ لەناوچەکانی رۆژئاوای عێراق سەحوەکانمان هەیە؛ ئەمانەش هەموویان پەیوەستن بە کەسانێکەوە کە بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە، تەنانەت گەیشتووەتە ئەوەی پێکهاتەی کریستیان حەشدی شەعبی هەبێت و بەم ناونیشانە بەشداریی هەڵبژاردنی کردووە؛ بۆیە پرسەکە ئاڵۆزە و ئاسان نییە؛ پێویستی بەوەیە وتووێژەکان هۆشمەندانە بکەین، هەروەها بەکەمترین زیان دەربچین؛ هەمووان دەڵێن کێشەکانتان سیاسیین و کێشەی هێزە سیاسییەکانتان هەیە، بەڵام من وای دەبینم کێشەکەمان پێکهاتەییە، کێشەکە لە پێکهاتەییەوە بوو بە کێشەی سیاسی؛ کێشەی سیاسی کە پەیوەندییان بە دوو فاکتەرەوە هەیە: دەسەڵات و سامان. بۆیە هەموو ساڵێک قەیرانی بودجەمان هەیە؛ لەهەموو پێکهێنانێکی حکومەتدا کێشەمان لەگەڵ پێکهاتەکان و چۆنێتی دابەشکردنی دەسەڵات هەیە؛ بۆیە وتوێژەکان بەردەوامن و پشتیوان بەخوا باش دەبێت."

ئەمیر کینانی وتیشی، "ئەزموونی 15 ساڵی رابردوومان روونە و پشتی بە تەوافوقی سیاسی بەستووە، واتە سیستمی دوو حیزبی پەیڕەو نەکراوە یان ئەوەی پێی دەگوترێت زۆرینەی سیاسی کە بەرپرسیارێتی شکستی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەڵدەگرێت یان دەستخۆشی لێدەکرێت ئەگەر سەرکەوتووبێت؛ ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بەردەوامبین لەسەر ئەو ئەزموونە و تەوافوقی سیاسی دووبارە بکەینەوە و لەسەری بڕۆین؟ ئەمە پرسیارە گرنگەکەیە. هەمووان لە سەرکردە باڵاکانی لایەنەکان کۆکن لەسەرئەوەی ئەو ئەزموونە باش نەبوو؛ هەموویان کە لە میدیاکانەوە پێش هەڵبژاردن دەرکەوتن باسیان لەوەکرد کە ئەو ئەزموونە سەرکەوتوو نەبووە و پێویستە ئەزموونێکی دیکەی ئەڵتەرناتیڤ هەبێت کە ئەویش جووت حیزبی بێت، واتە زۆرینەی سیاسیی هاوپەیمانی کە بەهۆی سیستمی پەرلەمانییمان پێویستی بە هاوپەیمانێتییە؛ ئایا ئەو لایەنەی کورسیی کەمی بەدەستهێناوە رازی دەبێت ئۆپۆزسیۆن بێت؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگە. ئەگەر لە ئۆپۆزیسیۆن بێت ئایا ئۆپۆزسیۆنێکی بونیادنەر دەبێت یان ئۆپۆزسیۆنێک بۆ رووخاندنی حکومەت؟ بەتایبەت هەندێک لایەن وەک دەزانیین باڵی چەکدارییان هەیە و ئەوەش مەترسیدارە، چی لەبەغدا بێت یان لەهەرێمی کورستان بێت."
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×