فراكسیۆنی گۆڕان: پێویسته سه‌رۆكایەتی په‌رله‌مان بڕیاربدەن لەسەر سزایەکی شیاو بۆ جه‌لال په‌رێشان
  2021-10-26       840       
له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا فراكسیۆنی گۆڕان داوا له‌سه‌رۆكایەتی په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كات بڕیاربدەن لەسەر سزایەکی شیاو بۆ جه‌لال په‌رێشان، په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ له‌به‌رامبه‌ر "كۆمه‌ڵێك قسه‌و جنێوی ئاست نزم".

ئاوێنه‌: له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ فراكسیۆنی گۆڕاندا هاتووه‌، "ئە‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌پاش ته‌واوبونی موداخه‌له‌یه‌كی ‌په‌رله‌مانتارێکی فراكسیۆنی گۆڕان لەسەر پرسی گیراوانی بادینان، جه‌لال په‌رێشان ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له‌كاردانه‌وه‌دا  كۆمه‌ڵێك قسه‌ی ئاست نزم و دور له‌ئه‌ته‌كێت و پرۆتۆكۆلی و نەشیاو بەكاری په‌رله‌مانی له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان وت له‌جۆری "هه‌ره‌شه‌ی زمان بڕین و جنێوی ئاست نزم".

فراكسیۆنی گۆڕان ڕایگه‌یاندووه‌، "پێویسته سه‌رۆكایەتی په‌رله‌مان و پەرلەمان بڕیاربدەن لەسەر سزایەکی شیاو بۆ ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ نه‌شیاوه‌ی ئەو پەرلەمانتارە ‌و داوای لێبوردن لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکات ،چونکە پەرلەمان دەزگای نوێنەرایەتی ھاوڵاتیانی کوردستانە و بەرھەمی ڕەنج و خوێنی شەھیدانە".

ڕاشیگه‌یاندووه‌، "فراكسیۆنه‌كه‌مان به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی ئەو قسانه‌ی ناوبراو ده‌كات و داوادەکەین فراكسیۆنی پارتی به‌ فه‌رمی خۆی بێبەری بکات له‌و قسانه‌ی جه‌لال په‌رێشان، لەبەرامبەر ئەو قسە نەشیاوانە".

له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان و له‌كاتی قسه‌كردنی  په‌رله‌مانتار شایان عه‌سكه‌ری، سه‌باره‌ت به‌ كه‌یسی سزادراوو ده‌ستگیركراوانی ناوچه‌ی بادینان، گرژی له‌نێو دانیشتنه‌كه‌دا دروستبوو، هه‌ر له‌و كاته‌دا جه‌لال په‌رێشان، په‌رله‌مانتاری پارتی به‌به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ناشیاو وه‌ڵامی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی دایه‌وه‌ ، ئه‌م رووداوه‌ش كاردانه‌وه‌ی به‌رفراوانی له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێكه‌وته‌وه‌و هه‌زاران كه‌س سه‌رنج و قسه‌ی خۆیان له‌باره‌ی قسه‌كانی جه‌لال په‌رێشان خسته‌ ڕوپه‌ڕی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.

دوای فراوانبوونی كاردانه‌وه‌كان، جه‌لال په‌رێشان له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا نكۆڵی له‌وه‌كرد قسه‌ی له‌و جۆره‌ی كردبێت، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ گرته‌ی ڤیدیۆیی و ده‌نگیی قسه‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی بڵاوبووه‌ته‌وه‌.


ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ڕاگەیەنراوێك له‌فراكسیۆنی گۆڕانه‌وه‌:

 
ئە‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ پاش ته‌واوبوونی موداخه‌له‌یه‌كی ‌ په‌رله‌مانتارێکی فراكسیۆنی گۆڕان لەسەر پرسی گیراوانی بادینان، جه‌لال په‌رێشان ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له‌ كاردانه‌وه‌دا  كۆمه‌ڵێك قسه‌ی ئاست نزم و دور له‌ ئه‌ته‌كێت و پرۆتۆكۆلی و نەشیاو بە كاری په‌رله‌مانی له‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان وت له‌ جۆری "هه‌ره‌شه‌ی زمان بڕین و جنێوی ئاست نزم".

لێره‌وه‌ بۆ رایگشتی راده‌گه‌یه‌نێین:

یه‌ك: پێویسته سه‌رۆكایەتی په‌رله‌مان و پەرلەمان بڕیاربدەن لەسەر سزایەکی شیاو بۆ ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ نه‌شیاوه‌ی ئەو پەرلەمانتارە ‌و داوای لێبوردن لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکات ،چونکە پەرلەمان دەزگای نوێنەرایەتی ھاوڵاتیانی کوردستانە و بەرھەمی ڕەنج و خوێنی شەھیدانە

دوو: فراكسیۆنه‌كه‌مان به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی ئەو قسانه‌ی ناوبراو ده‌كات و داوادەکەین فراكسیۆنی پارتی به‌ فه‌رمی خۆی بێبەری بکات له‌و قسانه‌ی جه‌لال په‌رێشان، لەبەرامبەر ئەو قسە نەشیاوانە

دوور یا نزیك میلله‌ت باجه‌كه‌یان لێده‌ستێنێت.

26-10-2021
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×