وەزارەتی بازرگانی ھەرێم: سێیەم بەشەخۆراکی مانگانە بەماددە زیادەکانیەوە دابەشدەکرێت
  2021-11-23       790       
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ھەرێم ڕایگه‌یاند، دابەشکردنی بەشەخۆراکی ھاوڵاتیان بەردەوامەو سێیەم بەشەخۆراک لەماوەیەکی نزیکدا دەگاتە ھەرێمی کوردستان‌و دوای پشکنین، بەسەر ھاوڵاتیاندا دابه‌شدەکرێت.

ئاوێنه‌: نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕونیكرده‌وه‌ كه‌ ''دابەشکردنی بەشەخۆراکی ھاوڵاتیان بەردەوامەو سێیەم بەشەخۆراک لەماوەیەکی نزیکدا دەگاتە ھەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی ئێمە لەتاقیگەکانی خۆمان پشکنینی بۆ دەکەین، دواتر بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت.''

وتیشی، ''لەو ناوچەو شوێنانەی تا ئێستا بەشەخۆراکی دووەم دابەش نەکراوە بە زووترین کات ئەوەش دابەش دەکرێت و دواتریش بەشی سێیەم وەردەگرن، چونکە بەشی دووەم ئێستا ڕۆژانە بەردەوام دابەش دەکرێت.''

نەوزاد شێخ کامیل ئه‌وه‌شی‌ وت، ''بەشەخۆراکی مانگانە ئێستا ماددەکانی زیادکراون کە شەش ماددەی خۆراکییەو بریتین لە برنج و زەیت و فاسۆلیا و نۆک و دۆشای تەماتە و شەکر. جگە لەوە، دەست بەدابەشکردنی ئاردیش دەکرێت کە بۆ ھەر ئەندامێکی خێزان نۆ کیلۆیە.''
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×