ئەنجومەنی وەزیران: رێكاری یاسایی دژی ئەو كەسانە دەگرینەبەر كە سوكایەتییان بە ئاڵای كوردستان كرد
  2021-11-24       340       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، بڕیاریدا بە تەرخانكردنی پشتیوانی دارایی بۆ باشتركردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەكان و دۆخی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان و دەشڵێت: بە توندترین شێوە ئیدانەو سەرکۆنەی ئەو "بێ ڕێزی و سوکایەتییە" دەكەن لەلایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر "پیرۆزییەکانی هەرێم و ئاڵای پیرۆزی کوردستان" کرا، ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی "ئەم سوکایەتییە" دەگرنەبەر. 

ئاوێنە: حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا، ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی خستەڕو كە تەوەرێكی تایبەت بو بە ناڕەزایەتییەكانی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە، بابەتی ناڕەزایی قوتابیان وخوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان تاوتوێ کرا کە ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پوختەی بابەتەکەی خستەڕو بۆ ئەنجومەن."

بەپێی راگەیەندراوەكە "لە دوای گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەکان و دۆخی قوتابیان وخوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان."

وتوشیەتی"ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە و ڕاسپاردنی هێزەکانی چالاکی مەدەنی بۆ زامنکردنی مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی قوتابیان وخوێندکاران بۆ داواکردنی مافەکانیان دور لە توند وتیژی، لە هەمانکاتدا، بە توندترین شێوە ئیدانەو سەرکۆنەی ئەو بێ ڕێزی و سوکایەتییە دەکات کە لە لایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر پیرۆزییەکانی هەرێم و ئاڵای پیرۆزی کوردستان کرا، ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سوکایەتییە دەگرێتەبەر."

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەنجومەنی وەزیران "پەلاماردان و سوکایەتیکردن بە هێزە ئەمنییەکان و ئەنجامدان و تێکدان و وێرانکاری دامەزراوەکانیش، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نۆڤێمبەری 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبوەوە .

لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد، کە ساڵانە لە 25ی نۆڤێمبەر، لە جیهان و هەرێمی کوردستان یادی دەکرێتەوە. سەرۆکی حکومەت دوپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لە پێناو نەهێشتنی هەمو جۆرە توندوتیژییەک، بەتایبەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەم جەخت لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان کراوەتەوە .

پاشان سەرۆکی حکومەت ، باسی لە گرنگیی بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ( دایەلۆگی مەنامە 2021 ) کرد کە لە ڕۆژانی 19- 21 ی نۆڤێمبەری 2021 لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەچو. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە وەدا کە بەشداری هەرێمی کوردستان، جەختکردنەوە بو لە ڕۆڵی گرنگیی هەرێم وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا .

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ لایەنە سیاسییەکان کرا، کە پێویستە دایەلۆگێکی هێمنانە لە نێوان لایەنەکاندا بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵات، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە بایەخی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا کردەوە لە پێناوی دابینکردنی ماف وشایستە دەستورییەکانی هەرێم.

لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە، بابەتی ناڕەزایی قوتابیان وخوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان تاوتوێ کرا کە ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پوختەی بابەتەکەی خستەڕو بۆ ئەنجومەن، لە دوای گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەکان و دۆخی قوتابیان وخوێندکارانی زانکۆ وپەیمانگەکان، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە و ڕاسپاردنی هێزەکانی چالاکی مەدەنی بۆ زامنکردنی مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی قوتابیان وخوێندکاران بۆ داواکردنی مافەکانیان دور لە توند وتیژی، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، بە توندترین شێوە ئیدانەو سەرکۆنەی ئەو بێ ڕێزی و سوکایەتییە دەکات کە لە لایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر پیرۆزییەکانی هەرێم و ئاڵای پیرۆزی کوردستان کرا، ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سوکایەتییە دەگرێتەبەر، هەروەها پەلاماردان و سوکایەتیکردن بە هێزە ئەمنییەکان و ئەنجامدان و تێکدان و وێرانکاری دامەزراوەکانیش، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات.

بڕگەی سێیەمی کۆبونەوەکە، بریتی بو لە خستنەڕوی ڕاپۆرتێک دەربارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران لە سنورەکانی بێلاروس و پۆڵەندا و گەڕانەوەی ئارەزومەندانەیان بۆ هەرێمی کوردستان کە لە لایەن سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خرایەڕو، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای دەستخۆشی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، جەختی کردەوە لە بەردەوامیی بەھاناوەچونی ئەو کۆچبەرانە وئاسانکاریی گەڕانەوەی ئارەزومەندانەیان بۆ هەرێم، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لەوەی وەزارەتی ناوخۆ، لێکۆڵینەوە و ڕێکاریی قانونی بگرێتەبەر لەبەرامبەر ئەوانەی کە ئەم بارودۆخەیان قۆستوەتەوە و بازرگانی دەکەن بە ژیان و سەلامەتی کۆچبەران.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە ، خستنەڕوی ڕاپۆرتێکی گشتگیر بو لە لایەن عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان کە تێیدا بارودۆخی ژینگە لە هەرێم خرایەڕو، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە بایەخی ژینگە بە هەمو پێکهاتەکانیەوە، کە پرسێکی نێودەوڵەتيی گرنگە وجێی بایەخ وگرنگی حکومەتی هەرێمیشە، بۆیە گشت وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە هاوکاری دەستەی پاراستن وچاککرنی ژینگە بکەن بۆ ئەو پێشنیاز و پڕۆژانەی لە لایەن سەرۆکی دەستەوە لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕو ، بڕیاردرا ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی زانستیی فراوان وگشتگیر بۆ پەرەپێدانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×