پۆلیسی هەولێر: تەرمی هاوڵاتییەک لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە
  2021-11-25       497       
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردو لە شەقامی کۆرنیشی شاری هەولێر تەرمی هاوڵاتییەکی تەمەن 58 ساڵ لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزراوەتەوە، دوای لێکۆڵینەوەکانیش دەرکەوتوە هۆکاری مردنی ئەو کەسە "جەڵتە" بوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشكردوە، "شەوی رابردو ھێزەکانمان ئاگادار کرانەوەکە کەسێک لە شەقامی کۆرنیش نزیک بەنزینخانەی سیڤەر لە نێو ئۆتۆمبێلی جۆری کیا بارھەڵگر گیانیلەدەستداوە، بۆیە دەست بەجێ ھێزەکانمان لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر گەیشتنە شوێنی مەبەست و دەستیان بە لێکۆلێنەوە کرد".

ئەوەش هاتوە، لەدەرئەنجامدا دەرکەوت ئەو کەسەی مردوە ناوی (دڵشاد قەرەنی عەزيز)ە و تەمەنی 58 ساڵە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت، هۆکاری مردنی ئەو هاوڵاتییە "بەھۆی جەڵتەوە" بوە، بۆ ئەم مەبەستەش پەراوی لێکۆلینەوەی بۆ کراوە بۆ وەرگرتنی داواکاری مافی کەسی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×