2021-11-25   589     
دوای چوار رۆژ لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژی برین و نەدانی دەرماڵەکانیان، خوێندکارانی زانکۆ بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوەو رایدەگەیەنن؛بە لە بەرچاو گرتنی بارودۆخەکان، پێمان باشە تا دەستپێکردنەوەی دەوام و کاتی گونجاو خۆپیشاندانەکان ڕابگرین.
ئاوێنە: خوێندکارانی ناڕازیی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەیاننامەیەکیان لەبارەی بەردەوامبون و خۆپیشاندانەکانیان رایانگەیاند بۆماوەیەک رادەوەستن و لەبارەی هۆکارەکانیش دەڵێن: بەشێکی زۆری خوێندکاری بەشە ناوخۆییەکان رویشتونەتەوە و دەشڵێن: ئامانجی خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدابراوە.
هەروەک ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەن کە ئەو ئامانجانەی خوێندکاران خۆپیشاندانیان بۆ دەکرد کاڵبوەتەوە و نەماوە و دەشڵێن: وەستمانمان بۆ پاراستنی گیانی خوێندکارامە لەم بارودۆخەی ئێستادا.
ئەوە لە کاتێکدایە بۆ ماوەی چوار رۆژ خۆپیشاندانی خوێندکاران دژی نەدانی دەرماڵە و کەمی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکان لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە بە توندوتیژی و گازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بەسەر ئەو خوێندکارانەوە وەڵام درانەوە.