نوسینگه‌ى قوباد تاڵه‌بانی: ئەو چوار ڕۆژنامەنوسەی دوێنێ دەستگیركران، ئه‌مڕۆ ئازاد ده‌كرێن
  2021-11-25       320       

سەرچاوەیەك لەنوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو چوار ڕۆژنامەنوسەی دوێنێ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران، ئه‌مڕۆ ئازاد ده‌كرێن.

لەسەر دەستگیركردنی هەریەک لەپەیامنێرانی ڕۆژنیوز "بەرهەم لەتیف"و "بڕوا ئەسعەد"و "عەباس محەمەد" لەکەناڵی بەغدادیەو "ڕاژان ماجد" لەکەناڵی ئەشراقی عەرەبیی، سەرچاوەیەك لەنوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم  ڕاگەیاند، ئه‌مڕۆ هه‌ر چواریان ئازاد ده‌كرێن.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی:"لەبەر ڕۆشنایی لێدوانەكانی پێشوتری قوباد تاڵەبانی كە وتبوی، "نابێت ڕۆژنامەنوس دەستگیربكرێت"، ئەو ڕۆژنامەنوسانە دوای ڕەزامەندی دادوەر ئازاد ده‌كرێن".

مانگی ئەیلولی ئەمساڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "یاسا هەیە، نابێت ڕۆژنامەنوس زیندانی بکرێت، کە یاسا هەیە، ئیتر بۆ ڕۆژنامەنوس دەستگیربکرێت"، بەڵام دوێنێ هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی چوار ڕۆژنامەنوسیان دەستگیركرد کە بەپێی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان‌و سزادانیان پێچەوانەی یاسایە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×