ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: موراد کانی کوردەیی و دو لە پاسەوانەکانی كوژراون
  2021-11-25       1800       

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رانیە لە كاتی جێەجێكردنی بڕیاری دەستگیركردنیدا، موراد كانی كوردەیی و پاسەوانەكانی روبەڕوی "هێزێكی رەسمی" بونەتەوەو  كارمەندێكی ئەمنییان كوشتوەو سێ كەسی دیكەشیان برینداركردون دەشڵێت: لە روداوەكەدا موراد کانی کوردەیی و دو لە پاسەوانەکانی كوژراون.

ئاوێنە: لە رونكردنەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا هاتوە "سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ 25ی 11ی 2021 ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگاو سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی ناوبراویان پێسپێردرا."

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وتوشیەتی"لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی کە لەگەڵیدا بون روبەڕوی ھێزەکە دەبنەوە کە لەکاتی ئەرکدا بون بۆ جێبەجێکردنی سەروەری یاسا، کارمەندێکی ئەمنی بە ناوی (شامل زرار ئیسماعیل) شەھید دەکەن و سێ کەسی تریش بریندار دەکەن."

ئەوەشی وتوە "لەئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەری یاساشکێنان و ھەڵھاتوان موراد کانی کوردەیی و دو لە پاسەوانەکانی دەکوژرێن."

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی كردۆتەوە كە "دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچون دەکەن بۆ دەستگیرکردنی ھەمو ئەو تۆمەتبارانەی پەیوەستن بەم روداوەوەو لەدادگا ھەڵھاتون و سەرجەم تۆمەتباران راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن."

رونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە...

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ی ١١ی ٢٠٢١ ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی ناوبراویان پێسپێردرا، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی کە لەگەڵیدا بون روبەڕوی ھێزەکە دەبنەوە کە لەکاتی ئەرکدا بون بۆ جێبەجێکردنی سەروەری یاسا، کارمەندێکی ئەمنی بە ناوی (شامل زرار ئیسماعیل) شەھید دەکەن و سێ کەسی تریش بریندار دەکەن.

لەئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەری یاساشکێنان و ھەڵھاتوان موراد کانی کوردەیی و دو لە پاسەوانەکانی دەکوژرێن.

لێرەوە بۆ رای گشتی روندەکەینەوە دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچون دەکەن بۆ دەستگیرکردنی ھەمو ئەو تۆمەتبارانەی پەیوەستن بەم روداوەوە و لەدادگا ھەڵھاتون و سەرجەم تۆمەتباران راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×