مەسرور بارزانی: لە هیچ شوێنێك نەبوە بەخۆڕایی بخوێنیت و داوای دەرماڵەش بكەیت
  2021-11-27       524       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، خوێندن لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بەخۆڕاییەو "لە هیچ شوێنێكی دنیا نەبوە بەخۆڕایی بخوێنیت و داوای دەرماڵەش بكەیت."

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە، لە هەولێر، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانی قوتابیان و خوێندكاران، لەگەڵ ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە.

سەبارەت بە خۆپیشاندانی خوێندكاران مەسرور بارزانی وتی"خۆپیشاندان مافێكی ئاساییە، هەمو چین و توێژێك لەم وڵاتە دەتوانێت بەشێوەیەكی ئارام و ئاشتیانە خۆپیشاندان و داوای مافی خۆی بكات و حكومەتیش پشتیوانی لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەكات."

لەگەڵ ئەوەش وتی"بەڵام ئاڕاستەكردنی خۆپیشاندان بەرەو دروستكردنی پشێوی و توندوتیژی، ئەمە نە خزمەتی مافەكان و داواكارییەكانی قوتابیان دەكات و نە چارەسەری گرفتەكانیان دەكات، بەپێچەوانەوە كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە، رێگەش دەدەن خەڵكێكی تر بە شێوازێكی تر خراپ سودی لێوەربگرێت. "

ئەوەش وت"بۆیە داوا دەكەین ئەگەر خۆپیشاندان دەكەن، زۆر ئاشتیانەو مەدەنیانە بیكەن و داواكانی خۆتان پێشكەش بكەن یان هەمو جارێكیش دەتوانن نوێنەرتان بنێرن بۆ ئەوەی داواكارییەكانتان بە حكومەت بگەیەنێت."

سەرۆك حكومەت ئەوەشی وت"بەڵام بۆچی رێگە بدرێت یەكێكی تر بێت بەناوی خۆپیشاندان، ئەجێندایەكی سیاسی خۆی بەناوی قوتابیانەوە جێبەجێ بكات."

هەروەها مەسرور بارزانی جەختی كردەوە كە "ئەوانەی بێڕێزی بەرامبەر بە ئاڵای كوردستان دەكەن پێویستە روبەڕوی یاسا بكرێنەوە. ئێمە بەتوندی شێوە ئیدانەی ئەم جۆرە كارانە دەكەین، هەروەها ئیدانەی ئەوە روبەڕوبونەوەی هێزە ئەمنییەكان دەكەین بەرامبەر بە قوتابیان و ئیدانەی ئەوەش دەكەین كە بەناوی قوتابییەوە پەلاماری هیزە ئەمنییەكان بدرێت."

سەبارەت بە دەرماڵەی خوێندكارانیش وتی"خوێندن لە زانكۆ حكومییەكان لە هەرێمی كوردستان بەخۆڕاییە، داواكردنی دەرماڵە بۆ ئەوەی خوێندنێكی خۆڕایی بكرێت باوەڕ بكەن لە هیچ شوێنێكی دنیادا شتی وانییە."

وتیشی"هەندێك جار نمونەی دەرەوە دەهێننەوە، راستە لە وڵاتانی پێشكەوتو قەرز بە قوتابی دەدرێت بۆ خوێندن، لە وڵاتانی پێشكەوتو خوێندن بەخۆڕایی نییە، هەمو قوتابییەك دەبێت پارە بدات، بەڵام بانك قەرزییان پێ دەدات، قوتابی دەبێت لەدوای خوێندنەكەی ئەو پارەیە بە قیست بداتەوە. بەڵام لێرە خوێندنەكە لەبنەڕەتدا بەخۆڕاییە."

هەروەها زیاتریش وتی"نازانم بۆچی بابەتی دەرماڵە لەم كاتەدا بەوشێوەیە وروژێنرا، لەكاتێكدا دەرماڵە لە ساڵی 2014ەوە نەماوە هەروەها لە عێراقیش نەماوە. ئێستا ئەم بابەتە وروژێنراوە گوایە دۆخی ئابوری حكومەتی هەرێم باشتر بوە."

بەپێی قسەی مەسرور بارزانی، لە ساڵی 2014ەوە تا 2017 كە چوار ساڵ دەكات، حكومەتی عێراق هیچ بڕە بودجەیەكی بۆ هەرێم نەنارد، ئەوە وایكرد حكومەتی هەرێم قەرزبكات و وتیشی"ئەمەش هەموی بو بە قەرزو مایەوە لەسەر حكومەت كە ئێستا ئێمە باجەكەی دەدەین."

وتیشیو لەم دو ساڵەی دواییشدا، بەپێی رێككەوتن و بەپێی بودجە، 12 مانگ بودجەیان بۆ نەناردوین، "بەكۆی هەمو ئەمانە 23 ملیار دۆلار پارەی هەرێم كە هەقی ئێوەیە، حكومەتی عێراق نەیناردوە."

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×