برای یەکێک لە شەهیدەکانی کوڵەجۆ: سەیارەی درع لەناو شاردایەو پێشمەرگە بەپاس دەچێتە بەرەی شەڕ
  2021-11-28       1081       
برایەکی ئیبراهیم بارام، یەکێک لەو پێشمەرگانەی لە هێرشەکەی کوڵەجۆ شەهیدبوو دەڵێت، "ئەو ئۆتۆمبیلانەی بەکەڵکی بەرەکانی شەڕ دێت لە ناوشاردایە، ئێمەش بە پاس و بە سەیارەی خۆمان دەچینەوە بۆ بەرەکانی شەڕ".

ئاوێنە: لە میانی بەڕێوەچوونی پرسەی شەهید ڕائید ئیبراهیم بارام ئەفسەر لە لیوای 5ی پیادەی شارەزوور، کە خاوەنی هاوژینێک و سێ كچ و كوڕێکە، محەمەد بارام، برای ئیبراهیم بارام ئەمرۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، "ئیهمالی زۆر لە بەرەکانی شەڕ بەدی دەکرێت، هەرچی سەیارەی درع و بە کەڵ بێت لە ناوشاردا دەسوڕێندرێتەوە، ئێمەش دەبێت بە سەیارەی خۆمان بە قەمەرە و پیکاب و پاس بچینەوە بۆ بەڕەی شەڕ".

ئەو برایەی ئیبراهیم بارام کە ئاماژە بەوەدەکات خۆشی پێشمەرگەیە لە هەمان لیوا. وتیشی، "ئەگەر سەیارەیەکی گولەنەبڕی باشمان پێ بێت دەتوانین بچینە ناوجەرگەی ئەو شوێنەی کە داعشی تێدایە، بەڵام ئەوەی بەکەڵ بێت لە ناوشاردایە و تەسلیمی پێشمەرگەی ناکەن".

دوای ئەوەی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنوری کوڵەجۆی دەڤەری گەرمیان هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکاندا، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی زانیارییەکان کە بەرپرسانی پێشمەرگە بە رۆژنامەنوسانیان داوە، ئەو پێشمەرگانەی کە شەهیدبوون هەموویان لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدابوون کە بۆمبەکەی پێدا تەقیوەتەوە. دوای تەقینەوەی بۆمبەکەش، چەکدارانی داعش چوونەتە سەر ئۆتۆمبێلەکە و پێشمەرگەیەک کە بریندارببوو، "فیشەکیان پێوەناوە و کوشتوویانە."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×