رونكردنەوەی بنەماڵەی ئەو كارمەندەی دەزگای زانیاری كە لە روبەڕوبونەوەكەی رانیە كوژرا
  2021-11-28       1715       


بنەماڵەی ئەو كارمەندەی دەزگای زانیاری كە لەمیانی روداوی كوشتنی موراد كانی كوردەییدا لە رانیە كوژرا، دەڵێن: "شەهیدبونی ئەو کوڕەی ئێمە بەتایبەت کۆمەڵێک پرسیارو گومانی بەدوای خۆیدا هێنا کە ناکرێ لێیان بێدەنگ بین... داوای ڕونکردنەوەی تەواومان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردوە ئەوانیش بەڵێنی ڕونکردنەوەیان داوە."

ئاوێنە: بنەماڵە شامیل زرار وەرتی، لە رونكردنەوەیەكدا وتویانە"هەمو لایەک ئاگادارن ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە 25/ 11/ 2021 ڕوداوێکی تەقەکردن لەناو شاری ڕانیە ڕویدا کە بەداخەوە چەند کەسێک تێیدا بونە قوربانی، دوابەدوای ڕوداوەکە ئاگادار کراین کوڕەکەی ئێمەش کە ماوەیەکی کەمە لە دەزگای زانیاری دەست بەکاربوە لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا شەهید بوە، هەمان شەو تەرمەکان وەرگرتەوەو بەخاکمان سپارد."

بنەماڵەی ئەو كارمەندەی دەزگای زانیاری وتوشیانە"لەگەڵ ئەوەی کۆی ڕوداوەکە بەگشتی و شەهیدبونی ئەو کوڕەی ئێمە بەتایبەت کۆمەڵێک پرسیارو گومانی بەدوای خۆیدا هێنا کە ناکرێ لێیان بێدەنگ بین، بەڵام پێمان باشبو دان بەخۆمان دا بگرین و داوای ڕونکردنەوە لەلایەنی پەیوەندیدار بکەین. "

ئەوەشیان خستۆتەڕو"بۆ گەیشتن بە ڕاستیی ڕوداوەکە لە دانیشتنێکی ڕاستەوخۆدا داوای ڕونکردنەوەی تەواومان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردوە ئەوانیش بەڵێنی ڕونکردنەوەیان داوە، هیوادارین لەزوترین کاتدا وەڵاممان بدەنەوە."

لە بنەماڵەی شەهید شامیل زرار وەرتی یەوە 

(سوپاسنامەو ڕونکردنەوە) 

هەمو لایەک ئاگادارن ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە 25/ 11/ 2021 ڕوداوێکی تەقەکردن لەناو شاری ڕانیە ڕویدا کە بەداخەوە چەند کەسێک تێیدا بونە قوربانی، دوابەدوای ڕوداوەکە ئاگادار کراین کوڕەکەی ئێمەش کە ماوەیەکی کەمە لە دەزگای زانیاری دەست بەکاربوە لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا شەهید بوە، هەمان شەو تەرمەکان وەرگرتەوەو بەخاکمان سپارد. 

لەگەڵ ئەوەی کۆی ڕوداوەکە بەگشتی و شەهیدبونی ئەو کوڕەی ئێمە بەتایبەت کۆمەڵێک پرسیارو گومانی بەدوای خۆیدا هێنا کە ناکرێ لێیان بێدەنگ بین، بەڵام پێمان باشبو دان بەخۆمان دا بگرین و داوای ڕونکردنەوە لەلایەنی پەیوەندیدار بکەین. 

بۆیە بۆ گەیشتن بە ڕاستیی ڕوداوەکە لە دانیشتنێکی ڕاستەوخۆدا داوای ڕونکردنەوەی تەواومان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردوە ئەوانیش بەڵێنی ڕونکردنەوەیان داوە، هیوادارین لەزوترین کاتدا وەڵاممان بدەنەوە. 

هەروەها وەک خاوەنی سێ شەهیدی سەنگەر داوا بەڕێز بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین بەدواداچون بۆ ڕاستی ڕوداوەکە بکات و نەهێڵێ خوێنی ئەو ڕۆڵەیەی ئێمە بە فێڕۆ بچێت. 

هاوکات بەڕای گشتی و هەمو لایەکیشی ڕادەگەیەنین 

ئێمە جگە لە شەهید شامیل، خاوەنی سێ شەهیدی سەنگەری ڕوبەڕوبونەوەی داعش و چەندان شەهید و برینداری داستانەکانی بەرگری نیشتمانین، هێشتا برینی لەدەستدانی شەهیدان (حەسەن سلێمان و لوقمان زرار و فەیسەڵ زرار)مان سارێژ نەبوە، بۆیە داوا لەهەمو لایەک دەکەین ڕێز لەخەبات و تێکۆشان و قوربانیمان بگرن و دۆسیەی ئێمە نەخەنە ناو ململانێی سیاسی، کێشەی شەخسی و بنەماڵەییشمان لەگەڵ کەسدا نیە. 

لە کۆتاییدا: 

سوپاسی بێ پایانمان ئاڕاستەی هەمو ئەو هاوڵاتی و کەسایەتیە بەڕێزانە دەکەین کە بەشداری بەخاک سپاردن و مەراسیمی پرسەکەمان بون، سوپاسی هەمو ئەوانە دەکەین کە هاوخەمیان دەربڕیوە لە دورو نزیک، ڕاستەوخۆ یان بە پەیوەندی تەلەفۆنی بەسەریان کردینەوە. 

هەروەها بەناوی بنەماڵەکەمانەوە پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاراستەی کەس و کاری سەرجەم قوربانیانی تری ئەو ڕوداوە کارەساتبارە دەکەین، خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین، ئاواتەخوازبوین خوێنی ڕۆڵەکانمان بۆ بەرگری لە سنورەکانی کوردستان بڕژایە، لە خوای مەزن داواکارین سەبوری هەمو لایەک بدات و دوا ناخۆشی ئێمەو ئەوانیش بێت. 

بنەماڵەی شەهید شامیل زرار وەرتی 

28ی نۆڤەمبەری 2021 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×