لێدوانی‌ ڕه‌سمی‌ وتەبێژی یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌ له‌باره‌ی‌ دو كورسه‌كه‌ی‌ هه‌ولێرو نه‌ینه‌وا
  2021-11-30       979       
ئەمین بابە شێخ، مەحمود محەمەد
وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی‌ كوردستان دەڵێت، "گەڕانەوەی دو كورسی بۆ هاوپەیمانی كوردستان بەئیستحقاقی رەوای خۆمانی دەزانین‌و سەلماندنی هەوڵی ساختەكارییه‌". له‌به‌رامبه‌ردا وتەبێژی‌ پارتی‌ ڕایگه‌یاند، "بۆمان دەرکەوت دو کورسی کە ئیستحقاقی یاسایی دو کاندیدی پارتیمان بون لەپارێزگاکانی ھەولێرو نەینەوا بەتاڵان بردراون".

ئاوێنه‌: ئێواره‌ی‌ ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەمی راگەیاند، به‌پێی‌ ئه‌نجامه‌كه‌، پارتی 31 کورسی‌و یه‌كێتی‌ 19 کورسی بەدەستهێناوە.

به‌وه‌ش دو کورسی پارتی دیموکراتی کوردستان کەمیکرد بەراورد بەئەنجامە بەراییەکان‌و دو كاندیدی‌ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان چونە شوێنیان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئەمین بابە شێخ، وتەبێژی یەكێتی له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگەیاند، "دو كورسییەكەی پارێزگای نەینەوا (بازنەی  دوو)و پارێزگای هەولێر (بازنەی سێ) ئیستحقاقی ڕەوای یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانن كە هەر ئیستحقاقی كوردەو لەچوارچێوەی كورسییەكانی كوردە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق."

وتیشی‌، "گێرانەوەی كورسییەكانی یەكێتی لەچوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان دوای رەچاوكردنی تانە یاساییەكان‌و سەلماندنی هەوڵی ساختەكاری (تزویر) كارێكی باشەو ئێمە پێشوازی لێ دەكەین."

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ مەحمود محەمەد، وتەبێژی‌ پارتی‌ له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد، "دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، بۆمان دەرکەوت دو کورسی کە ئیستحقاقی یاسایی دو کاندیدی پارتیمان بون لەپارێزگاکانی ھەولێرو نەینەوا بەتاڵان بردراون، بۆیە لەدوای ئەنجامدانی کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی ھەڵوێستی پارتیمان لەبارەی ئەم کارە ناڕەوایە رادەگەیەنین."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×