2021-11-30   1045     
شهڕی نێوان فراکسیۆنی پارتیو وتهبێژی قوباد تاڵهبانی توندتر دهبێتو وتەبێژی فراکسیۆنهكهش دهڵێت، "فراکسیۆنی پارتی وێرای رەتکردنەوەی سەرلەبەری قسەکانی ئەم قسەکەرەی جێگری سەرۆكی حکومەت، بەمافی خۆی دەزانێت داوای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆماربکات."
ئاوێنه: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لهپهرلهمانی كوردستان لهڕونكردنهوهیهكدا وهڵامی لێدوانێكی پێشتری سەمیر ھەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دهداتهوهو دهڵێت، "هەڤاڵێکی پەرلەمانتارمان وەک ئەرکی پەرلەمانی و لەچوارچێوهی بەدواداچوونی ورددا کۆمەڵێک داتای بڵاوکردوونەتەوە لەبارەی داهاتی پارێزگای سلێمانی، لەبەرانبەردا کەسێک بەناوی سەمیر هەورامی کە بەخۆی دەڵێت "قسەکەری جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم"، نوسینێکی بڵاوکردووەو لەبری ڕەتکردنەوە بەداتاو بەڵگە، تەشیهیرو زمانێکی کوالێتی نزمی بەکارهێناوە، بۆیە فراکسیۆنی پارتی وێرای رەتکردنەوەی سەرلەبەری قسەکانی ئەم قسەکەرەی جێگری سەرۆكی حکومەت، بە مافی خۆی دەزانێت داوای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆماربکات."
ئێوارهی ئهمڕۆ سێشهممه، سەمیر ھەورامی لەبارەی لێدوانێکی ھێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی کە باسی تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان کردبو، رایگەیاند، "قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە دورن لەڕاستییەوەو بێئاگایی و بێتوانایی خۆی سەلماندوە."
سەمیر ھەورامی ئەوەشی راگەیاندبو، "داتاو ئامارەکانیش سەلمێنەری ئەوەن کە ئەو پەرلەمانتارە ھیچ زانیارییەکی دروستی نییەو کەس لێدوانەکانی بەجددی وەرناگرێت چونکە زو زو پەنا دەباتە بەر موزایەدەو دوبارە سەلماندی کە ئەو پەرلەمانتارێکی فاشیلە."
ههر ئەمڕۆ، هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، بهمیدیاكانی حزبهكهی ڕاگهیاندبو كه "داهات لەسلێمانی کەمیکردووەو کۆناکرێتەوە".
بەوتەی ئهو، "قوباد تاڵەبانی بەوەزیرەکانو تیمی پارتی لەحکومەت وتووە، بەخوا پارە لەسلێمانی کۆناکرێتەوە. وەزیری داراییش پێی وتوین، هەر باوەڕیان بەوە نییە پارە کۆبکەنەوە".
هێڤیدار ئەحمەد ئهوهشی وتبو، "جگە لەوەی پارەی موچە نییەو بزر دەبێت، پارەی پرۆژەکانیش دیارنین".
لەبارەی ئەو داهاتانەی کە لەرێگەی دەروازە سنورییەکانەوە بۆ سلێمانی دەچن، هێڤیدار ئەحمەد قسەیەکی تیمی یەکێتیی لەحکومەت باسکردوهو دهڵێت، "تیمی یەکێتی لەناو حکومەت بەحکومەتی هەرێمی کوردستانی وتووە، کارەکە قاچاخە، ئەو شتەی کە دەهێندرێت قەدەغەیەو بە قاچاخ دەیهێنین، ئێ پارەکەی بۆ حکومەت نییە، هەر نابێت داخڵ بێت، کە داخڵ نەبێت پارەکە بۆ حکومەت نییە، با ئێمە بۆ خۆمان بەقاچاخ داخڵی بکەین و بیبەین، ئێوە عیلاقەتان چییە؟"
لهڕونكردنهوهكهی وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئهوهش هاتووه، "هەمیشە داوامان لەهەڤاڵانمان کردووە بەبەڵگەو داتا زانیارییەکان بخەنە بەرچاوی خەڵکی کوردستان و ئاستی نزم و زمانی نزم ئەو کەلتوورە نییە کە ئێمەی پێ بناسرێتەوە، لەکاتێکدا سەرنج لەو کەس و بەناو پەرلەمانتارانە بدەیت بەھەڵچونەوە وەڵامی قسەکانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتییان داوەتەوە، جگە لەوەی نەیان توانیوە بەڵگەو زانیاری و بەدواداچونەکانی ئەو ڕەتبکەنەوە لەهەمانکاتدا دیسان بەخوێندنەوەی وەڵامە لاوازەکانیان سەنگ و ئاستی خۆیان نیشانی هەموو لایەک دایەوە."
لای خۆیهوه هێڤیدار ئەحمەد لهڕونكردنهوهیهكدا ڕایگهیاندووه، "بەڕێزێک ھەیە پێ دەڵێن (سەمیر ھەورامی) وای خۆی ناساندووە کە گوتەبێژی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتە. دوای ئەوەی گوتم پارەی سلێمانی دیار نامینێت ھاتووە بەیاننامەیەکی ئاستنزمیان پێنووسیوە و قسەی (بێ رێز)ی کردووە. من سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەم. دواتر دەردەکەوێت کە چۆن بەیاننامەکەی لەسەر خۆی تەتبیق دەبێت... ئەوەی پێت دەڵێن (سەمیر ھەورامی) قسەکانی خۆت لە دادگا بسەلمێنە. بەڵام دڵنیا بن من بێ ئەدەبی ناکەم و جنێو نادەم، رێکاری مەدەنی و یاسای دەگرمە بەر."