ژمارەی شەهیدانی هێرشەكەی شەوی رابردوی داعش بەرزبوەوە
  2021-12-03       861       
دیمەنێكی دوای هێرشەكەی شەوی رابردوی داعش لە سنوری قەرەچوخ

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئاشكرایكرد، دوای برینداربونیان لە هێرشەكەی شەوی رابردوی داعش لە سنوری قەرەچوخ، سێ پێشمەرگەی دیكە دوای برینداربونیان گیانیان لەدەستداوەو بەوەش ئاماری شەهیدانی هێرشەكە بۆ 13 كەس بەرزبوەوە كە سیانیان هاوڵاتی مەدەنی و 10یان پێشمەرگەن.

ئاوێنە: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ هەینی، لەمیانی بەسەركردنەوەی چەند بریندارێكی پێشمەرگە لە نەخۆشخانە، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، "ئەوەی دوێنێ شەو رویدا لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە كە لەنێوان پێشمەرگەو حكومەتی عێراقی هەیە. بۆیە پێویستە هەرچی زوە رێككەوتنی ئەمنی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقی جێبەجێ بكرێت و هاوپەیمانانیش لەوبارەیەوە بێنە سەر خەت."

ئەوەشی خستەڕو، ژمارەی شەهیدانی هێرشەكەی شەوی رابردو بەرزترە لەوەی ئێستا لە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاودەكرێتەوە، ئێستا ئێمە 13 شەهیدمان هەیە، سێ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون كە برابون و یەكێكیان منداڵ بوە، حەوت پێشمەرگە لە بۆسەیەكدا پێكەوە شەهیدبون، سێ پێشمەرگەی دیكەش دوای برینداربونیان شەهیدبون.

ئاماژەی بەوەشدا كە لە هێرشەكەدا پێنج برینداری دیكەش هەن كە سێ لەو بریندارانە دۆخی تەندروستیان باش بوەو نەخۆشخانەیان جێهێشتوە، دوانەكەی دیكەش كە لە نەخۆشخانەن یەكێكیان دۆخی باشە و تەنها یەكێكیان لە چاودێری چڕە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندبو، لە پەلامارەكەی شەوی رابردوی داعش لە سنوری قەرەچوخ، سێ هاوڵاتی مەدەنی و حەوت پێشمەرگە شەهیدبون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×