لاهور شێخ جەنگی: یەکێتییەکەی مام ئەو یەکێتییەی ئێستا نییەو هەرگیز نابم بەبەشێک لەو (یەکێتییە نوێیە)
  2021-12-03       2076       
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان له‌سه‌ر گۆڕی‌ عەقید موراد کانی کوردەیی ڕایگه‌یاند، "ئەوەی زیاتر ئێمەی نیگەران کردووە ئەوەیە کە ئەم تاوانە لەلایەن دۆست‌و هەڤاڵانی خۆمانەوە بڕیاری لێدراوە". جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ "لێرەوە ڕایدەگەیەنم یەکێتییەکەی مام‌و حزبی شەهیدان ئەو  یەکێتییەی ئێستا نییەو بەندەش هەرگیز نابێت بەبەشێک لەو (یەکێتییە نوێیە)ی کە ئێستا هەندێک وا ناوزەدیان کردووە."

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ هەینی، لاهور شێخ جەنگی سەردانی دەڤەری بتوێنی کردو لەشارۆچکەی سەروچاوەی سەر بەناحیەی بێتواتە سەردانی خێزان و کەسوکاری شەهیدان (عەقیدی مافپەروەر موراد کانی کوردەیی و هاوکار نازم)ی کرد، دواتر لەهەردوو شارۆچکەی شکارتەو گوندی مێرگەسەر سەردانی خێزان و کەسوکاری شەهیدان (خۆشناو وەیسی و سەرکار فاخیر)ی کرد کە ڕۆژی ٢٦ـی ١١ـی ٢٠٢١، لەناوەندی شاری ڕانیە كوژران.

لاهور شێخ جەنگی خێزان و خانەوادەی ئەو شەهیدانەی بەسەرکردەوەو پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی پێ ڕاگەیاندن‌و له‌وته‌یه‌كیدا ڕایگه‌یاند، "ئەوەی زیاتر ئێمەو ئێوەی نیگەران کردووە ئەوەیە کە ئەم تاوانە لەلایەن نەیارو دوژمنەکانمانەوە نەبووە، بەڵکو لەلایەن دۆست و هەڤاڵانی خۆمانەوە بڕیاری لێدراوەو بەدیاریکراویش چەند کەسێکی نابەرپرسی ئەمنیی حزبەکەی خۆمان بەرامبەر کەسێک ئەنجامیانداوە کە جگە لەوەی کادرو فەرماندەیەکی دڵسۆزو بەئەمەک بووە بۆ حزبەکەی، خاوەن سێ برای شەهیدە، بنەماڵەی شەهیدەکانیش لە پێناو یەکێتیی و ئازادیی خاکی کوردستان دەیان شەهیدیان بەخشیوە".

وتیشی‌، "باشە چۆن دەبێت ئاوا بێوەفابین بەرامبەر بەخوێنی شەهیدان و لەپێناو پلەو پۆست و ویستی شەخسی، دەست بدەینە ململانێیەکی سیاسیی ناشەریفانەو دەستمان سور بێت بەخوێنی هاوڕێ و هەڤاڵەکانی خۆمان و هەرچی لەگەڵمان نەبوو یان بەدڵی ئێمە نەبو، هەڵبکوتینە سەری و بەتۆمەتی بێبنەماو ناڕەوا دەستگیریان بکەین و کادری یەکێتیی لەژێر ئازارو ئەشکەنجەدا تیرۆر بکەین."

هاوسەرۆکی یەکێتی ئه‌وه‌شی‌ وت، "خۆم بەشەرمەزار دەزانم بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و هەموو یەکێتییەکی دڵسۆز بۆ ئەو ڕوداوە نەخوازراوانەی لەم چەند مانگەی ڕابردودا لەژێر ناوی (یەکێتیی نوێ) ڕویانداوە".

ڕاشیگه‌یاند، "لێرەوە ڕایدەگەیەنم یەکێتییەکەی مام و حزبی شەهیدان ئەو یەکێتییەی ئێستا نییەو بەندەش هەرگیز نابێت بە بەشێک لەو (یەکێتییە نوێیە)ی کە ئێستا هەندێک وا ناوزەدیان کردووە."

لاهور شێخ جەنگی لەسەر گڵکۆی شەهید موراد جارێکی تر داوای‌ سەبرو ئارامیی له‌خێزان و خانەوادەی شەهید مورادو هاوڕێکانی کردو وتی، "هەرگیز ڕێگەنادەین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات."

دوپاتیشیکردەوە، باشترین هەنگاو کە بنرێت بۆ ڕەواندنەوەی بەشێکی کەمی توڕەیی و خەم و ئازاری خێزان و بنەماڵەی ئەو شەهیدانە، ڕادەستکردنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەیەو بەسزاگەیاندنیانە لەدادگایەکی عادیلانەدا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×