ژنە كۆچبەرێكی خەڵكی هەرێم لە پۆڵەندا گیانی لەدەستدا
  2021-12-04       976       

دوای ئەوەی بەھۆی سەرماو دوگیان بونییەوە نەخۆشدەکەوێت و زیاتر لە 20 رۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پۆڵەندا چارەسەر وەردەگرێت، ئێوارەی دوێنێ هەینی، ژنە کۆچبەرێکی ھەرێمی کوردستان کە خاوەنی پێنج منداڵە گیانی لە دەستدا.

 ئاوێنە: ئەو ژنە كۆچبەرە ناوی (ئەڤين عیرفان زاهیر) و خاوەنی پینج منداڵ و خەڵكی قەزای زاخۆی هەرێمی كوردستانە، لەگەڵ ھاوسەرو مناڵەکانی چونەتە بێلاڕوسیاو لەوێشەوە بە دەردەسەری گەیشتونەتە پۆڵەنداو بەهۆی نەخۆش كەوتنییەوە ماوەی 20 رۆژ بەبێ ھۆشی لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.

باوکی ئەڤین عیرفان، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، ئەو نەخۆشخانە پۆڵەندییەی کچەکەی تیایدا چارەسەری وەرگرتوە پێی راگەیاندون کچەکەیان گیانیلەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشدا، پێش 20 رۆژ لەو نەخۆشخانەیە نەشتەرگەری بۆ کراوە و منداڵەکەی بە مردویی لە دایک بوەو چارەسەریشی وەرگرتوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی سەرما کاریگەری لەسەر گورچیلەکانی دانابو گیانیلەدەستداوە.

باوکی ئەڤین ئەوەشی خستەڕو، چاوەڕێدەکەن لە رێگەی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە تەرمی کچەکەیان بگەڕێننەوە ھەرێمی کوردستان.


زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×