لیوا قارەمان: هەر فەرماندەیەك كەمتەرخەمی بكات سزادەدرێت
  2021-12-04       744       

وەزارەتی پێشمەرگە لێکۆڵینەوە لە ڕێکخستنەوەی سەنگەرەکانی بەرگری دەکات و جێگری سوپاسالاری پێشمەرگەش دەڵێت، ھەر فەرماندەیەک لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا کەمتەرخەمی بکات، سزا دەدرێت و چەندین فەرماندەش بەو ھۆیەوە سزا دراون.

ئاوێنە: لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند"وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری داوە ھەر فەرماندەیەک کەمتەرخەم بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئەوە سزا دەدرێت، لە ماوەکانی ڕابردو ژمارەیەک فەرماندەی پێشمەرگە بەھۆی کەمتەرخەمییەوە سزا دراون و بەردەوامیش دەبین لەوەی ھەر کەسێک کەمتەرخەمی بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت."

بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی"لە سەنگەرەکانی بەرگری کەمتەرخەمی ھەبوە، چونکە زۆرجار پێشمەرگەو فەرماندەکانی ئێمە بەباشی خۆیان حەشار نەداوە لە سەنگەرەکاندا، ئەوەیش بوەتە ھۆکاری ئەوەی چەکدارانی داعش کەڵک لەو کەمتەرخەمییەی پێشمەرگە ببینن و لە دورەوە بیانکەنە ئامانج."

لیوا قارەمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد"مەبەست لە سزادانی فەرماندەکان بۆ ئەوەیە زیاتر خۆیان ئامادە بکەن و سەنگەرەکانیان بەڕوی دوژمن قائیم بکەن، تا کەمتەرخەمییان نەبێتە ھۆکاری ئەوەی دوژمن کەڵک لە کەمتەرخەمیی ھێزی پێشمەرگە ببینێت.''


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×