2021-12-07   1119     
بەگوێرەی سەرچاوە کەشناسییەکان، لە سبەینێ چوارشەممەوە تاوەکو هەینی شەپۆلێکی بەفر و باران بارین زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرمیش دادەبەزن.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسیی هەرێم ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە، لە ئەنجامی درێژبوونەوەی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی مامناوەندی دەریای ناوەراست ئاسمانی ھەرێم بەزۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و خێرایی با لە زۆربەی ناوچەکاندا لە ئاراستەی باشوری رۆژھەڵاتەوە زیاد دەکات بەخێرایی ٢٠ تا ٤٠کم/س.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەکاتەکانی ئێوارەدا شەپۆلێکی پچر پچر و مامناوەندی بارانبارین سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێرەوە دەستپێدەکات و لەکاتەکانی شەودا بۆ بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە کاریگەری زیاتر دەبێت و درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین و سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و بەکاریگەرییەکی لاوازیش سنوری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " لە ئەنجامی کاریگەری بارستە ھەوایەکی ساردیش پلەکانی گەرما بەرێژەی ٤ تا ٦ پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە و شەپۆلێکی بەفر بارین لەکاتەکانی شەودا ناوچە شاخاوییە سنورییەکان دەگرێتەوە."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، " زۆرترین رێژەی باران لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلەدا پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەریندا ببارێت."