سالار عەزیز: ئه‌وانه‌ی دژی ریفراندۆمن خۆیان سوك ده‌كه‌ن
  2021-12-07       954       

هەڵسوڕاوێکی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باشتر و جدیتره‌، دەشڵێت:" ئه‌وانه‌ی دژی ریفراندۆمن دژی كیانی خۆیانن و خۆیان سووك ده‌كه‌ن".

ئاوێنه‌: سالار عه‌زیز،  هەڵسوڕاوی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان بەمیدیاكانی نزیك لەپارتی راگەیاندووە،  ره‌وشی عیراق به‌ره‌و خراپتر هه‌نگاو ده‌نێت. ئێستا له‌ جاران خراپتره‌. عێیاق له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می سۆمه‌ری و بابلییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌مه‌وی و عه‌باسی و تا سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن و به‌ ئێستاشه‌وه‌ سه‌قامگیری تێدا نه‌بووه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد ئێستا له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكی دیكه‌ خراپتره‌، چونكه‌ هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ لێكتێگه‌یشتن و گفتوگۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌. عیراق تاریكه‌ و تا ده‌ورانێكی درێژ هیچ رووناكییه‌كی تێدا نابینرێت.

دەشڵێت، کورد پێویسته‌ به‌ یه‌ك ده‌نگ بچێته‌ به‌غدا، وه‌ك چۆن سه‌رده‌می ئه‌یلوول كورد به‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ره‌نگ ده‌چووه‌ به‌غدا و داوای مافه‌كانی خۆی ده‌كرد. كاتێك هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ بن، دانووستان ئاسانتر و به‌رهه‌مدارتر ده‌بێت.

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان دەڵێت، کورد له‌ 2003دا دوای ئه‌وه‌ی به‌عس رووخا، هێزه‌ كوردییه‌كان هه‌ڵه‌یان كرد، كه‌ چوونه‌ به‌غدا و هه‌وڵی درووستكردنه‌وه‌ی عێراقیان دا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئه‌و رۆژگاره‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی به‌ باشی تێگه‌یشتنی بۆ هه‌لومه‌رج و قۆناغه‌كه‌ نه‌بوو، بۆیه‌ باشتر بوو له‌ بری چوونه‌وه‌ به‌غدا و درووستكردنه‌وه‌ی عێراق ئێمه‌ داوای ده‌سته‌به‌ری پاراستنمان له‌ ئه‌مه‌ریكا كردبا و داوای گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌كانمان كردبا.

راشیگەیاندووە، ئه‌وه‌ی یه‌ك تۆز هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ بنازێت و شانازی به‌ خۆیه‌وه‌ بكات، شانازی به‌ ده‌نگدان و ریفراندۆمه‌وه‌ ده‌كات. چونكه‌ ئه‌وه‌ ریفراندۆمه‌ كه‌رامه‌ت و شانازی ئێمه‌یه‌.

له‌ باره‌ی نه‌یارانی پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه‌، وتیشی:" ئه‌وانه‌ی دژی ریفراندۆمن؛ دژی كیانی خۆیانن، دژی كه‌سایه‌تی خۆیانن، دژی كۆششی باو باپیریانن، به‌ سووك سه‌یری خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌گینا خه‌ڵكی به‌ كه‌رامه‌ت به‌ سووك سه‌یری خۆی و مێژووی گه‌له‌كه‌ی ناكات.

ئه‌وه‌شی گوت: ئه‌وانه‌ی به‌شداریان له‌ پرۆسه‌كه‌ كرد شانازییان به‌رده‌كه‌وێت و سه‌ركردایه‌تی پرۆسه‌كه‌ش له‌ هه‌مووان زیاتر سه‌روه‌ری به‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ ریفراندۆم به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مه‌زنه‌ و رۆژ له‌ دوای رۆژیش زیاتر هه‌قیقه‌تی داخوازیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌رده‌كه‌وێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێویسته‌ كورد ئازایانه‌ به‌رگری له‌و مافه‌ی بكات و هیچ كاتێك شه‌رم له‌ ده‌نگهه‌ڵبڕینی نه‌كات و نه‌ترسێت له‌وه‌ی باسی مافی خۆی بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بترسین، ده‌ستكه‌وتمان نابێت.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر خیانه‌ت و په‌لكهێشكردنی دوژمن نه‌بوایه‌ و هه‌مووان یه‌ك ده‌ست و یه‌ك هه‌ڵوێست بووینایه‌ و شه‌ڕمان كردبا، عێراق به‌رگه‌ی دوو رۆژ شه‌ڕی نه‌ده‌گرت و وڵاتان ده‌هاتن و ده‌ستوه‌ردانیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بوه‌ستێت.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ریفراندۆمیش نه‌كرابا؛ به‌غدا هه‌ر هه‌وڵی داگیركردنه‌وه‌ی ده‌دا و له‌شكری ده‌نارده‌ سه‌ر كوردستان و ئابڵوقه‌ی ده‌داین.

سالار عه‌زیز جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كورد تا نه‌بێته‌ ده‌وڵه‌ت نابێته‌ هیچ و گوتی: ئێمه‌ تا ده‌وڵه‌ت نه‌بین، هیچ نین. به‌ڵێ گه‌نده‌ڵی كراوه‌ و نادادپه‌روه‌ری هه‌یه‌، سته‌مێكی زۆری ده‌روونی له‌سه‌ر خه‌ڵك درووست بووه‌، له‌ ئه‌نجامی نادادپه‌روه‌رییه‌وه‌، به‌ڵام پاراستنی ئه‌م كیانه‌ و تێكۆشان بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ركه‌.

له‌ باره‌ی بوونی ئۆپۆزیسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌و سه‌ركرده‌ دێرینه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان وتی: ئێمه‌ به‌هێزترین حزبمان درووست كرد، كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، هه‌موو شتێكی هه‌بوو، توانایه‌كی فراوانی هه‌بوو، گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری پێ ده‌كرا، به‌ڵام نه‌یكرد.

"كابینه‌ی نۆیه‌م به‌راورد به‌ رابردوو باشتر و جدیتره‌ و ده‌بێت ئه‌م كابینه‌یه‌ قۆناغی حزبایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان تێپه‌ڕێنێت و شه‌فافیه‌ت به‌رقه‌رار بكات و نابێت سه‌ره‌ڕای زۆری گرفته‌كانی به‌رده‌می، بێده‌نگ بێت.  نابێت به‌ شه‌رمه‌وه‌ قسه‌ بكات و ده‌بێت وه‌ك چۆن گرفته‌كان ده‌ستنیشان ده‌كات، چاره‌سه‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش بخاته‌ڕوو".سالار عەزیز وا دەڵێت.
زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×