وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ خوێندكارانى دابین ده‌كات
  2021-12-07       507       

وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێم بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ مانگانه‌ به‌بڕیارى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێویسته‌ وه‌زاره‌تى دارایی بۆ خوێندكارانى دابین بكات.

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌رچوه‌و واژۆى د.ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیرى خوێندنى باڵاى له‌سه‌ره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریداوه‌ به‌ته‌رخانكردنى بڕى حه‌وت ملیارو 350 ملیۆن دینار وەك پێشینەی مانگانە بۆ پاڵپشتی خوێندكاران تەرخانبكات.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ پاڵپشتى قوتابیان‌و خوێندكاران‌و چاره‌سه‌ركردنى گرفتى به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان‌و دابینكردنى خزمه‌تگوزاریه‌كانه‌.

له‌كۆتاییشدا هه‌روه‌ك وه‌زیرى خوێندنى باڵا ئاشكراشیكردوه‌، ئه‌و بڕیاره‌ له‌ڕۆژى 1ى 1ى 2022 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایی‌و ئابوریه‌وه‌ بۆ خوێندنى ساڵى 2021 ـ 2022 جێبه‌جێده‌كرێت.

خوێندكارانى زانكۆو په‌یمانگه‌كان له‌سنورى پارێزگاكانى سلێمانى‌و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانى گه‌رمیان‌و ڕاپه‌ڕین ده‌ستیان به‌خۆپیشاندان كردۆته‌وه‌و جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌رخانكردنى ده‌رماڵه‌ى مانگانه‌یان كه‌ له‌ساڵى 2014وه‌ به‌بیانوى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ بڕدراوه‌و له‌م ڕاگه‌یه‌نراوه‌شدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌ته‌رخانكردنى ده‌رماڵه‌ بۆ خوێندكاران نه‌كراوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×