ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ کازمی بڵاوكرایه‌وه‌
  2021-12-07       390       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی "هەڕەشە ئەمنیی داعش و هەماهەنگییەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان" تاوتوێ کرد.  
  
ئاوێنه‌: بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، 7ی کانونی یەکەمی 2021، نێچیرڤان بارزانی و کازمی "وتووێژیان لەبارەی هەڕەشە ئەمنی و دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کرد،کە بنکەکانی هێزە ئەمنییەکانی عیراق و هاوڵاتییانیان کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و هاووڵاتى."  

دەشڵێت، "بەڕێز کازمی جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی تەواوی هەوڵەکانی پێشمەرگە کرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، لەگەڵ هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزە چەکدارەکانی عیراقدا به‌ پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکه‌وه‌، بەتایبەتيش لە ناوچەکانی بۆشایيی ئەمنیی نێوان هەردوولادا."  

"به‌ڕێز سەرۆک وەزیران جەختیشی لەسەر پێویستیی کارکردن بۆ چالاککردنی لیژنە هاوبەشەکانی هەماهەنگی لەنێوان سوپای عیراق و پێشمەرگەدا کرده‌وه‌ بۆ بەرپەرچدانەوە و دەرکردنی پاشماوەکانی داعش و بنەبڕکردنیان کە لەسەر عیراق و کۆی ناوچەکە بوونه‌ته‌ مه‌ترسى."  

باسی لەوەشکردووە کە "سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عیراقی کرد، تەواوی ئاماده‌ييى هەرێمی کوردستانيشى بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقیەکاندا دووپات كرده‌وه‌ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە."  
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×