وەزارەتی پێشمەرگە كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی راگەیاند
  2021-12-08       639       

وەزارەتی پێشمەرگە كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكانی لە هەردو میحوەری یەكی گەرمەسێرو دوی قەرەتەپە راگەیاندو دەشڵێت، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكە ژمارەیەكی زۆر مۆڵگەو شوێنی تیرۆیستان تێكدران و ژمارەیەك مینی چێندراو هەڵگیرانەوەو بەشێك لە هێزەكانیش لەو ناوچانە جێگیركران كە پێویستیان پێ بو.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان کۆتایی پێهات كە ئەمڕۆ لە هەردو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دوی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەنجامیاندا، بەمەبەستی دورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی دەکەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەداوە كە لەم ئۆپەراسیۆنەدا، لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەک لە لیواکانی (٣و ٥) پیادەو لە میحوەری دوی قەرەتەپەوە لیواکانی(٩و ١) پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چەند یەکەیەکی هێزەکانی ٧٠، بەشدارییان كرد.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە، کێوماڵکردنی ناوچەی دیاریکراو بو بەگشتی، تێکدانی ژمارەیەکی زۆر مۆڵگە و شوێنی تیرۆرستان، بەئامانجگرتنی سەیارەیەکی پیک ئاپ، رەنگی سپی چێندراو بەتەقینەوە، چارەسەرکردنی لەلایەن (لیوا ۱۷)ەوە، هەروەها هەڵگرتنی چەند مینێکی چێندراو لە سنوری ناوچەی (لیوای ٥۳ فرقەی۱)، هەڵگرتنی لەلایەن تیمی ئەندازەوە.

ئەوەشی وتوە"هەردو هێزەکە لەناوچەیەکی دیاریکراو کۆتاییان بە ئۆپەڕاسیۆنەکە هێنا."

بەپێی راگەیەندراوەكە ئەنجامێكی دیكەی ئۆپەراسیۆنەكە بریتی بوە لە "جێگیرکرنی بەشێک لەو هێزانە لە سنوری میحوەری 2ی قەرەتەپە، کە ناوچەکە پێویستی بە هێز بو تیایدا جێگیر بکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×