قاسم ئەعرەجی: ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان لەعێراق کۆتاییهات
  2021-12-09       423       

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند، ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان لەعێراق کۆتاییهات و پێش 31-12-2021 سەرجەم هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا، ناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەوڵات دەکشێنەوە.

ئاوێنە: قاسم ئەعرەجی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکایەتی کۆبونەوەی لیژنەی هونەری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانانی لەعێراق کرد، لەکۆبونەوەکەدا کە فەرماندە سەربازییەکان، نوێنەری فڕەنسا، ناتۆ و وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بون، پرسی  کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

لەکۆبونەوەکەدا لیوای ئەمریکی جۆن بێرناند، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان رایگەیاند، دەستیانکردوە بەکشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان و هاوپەیمانان ئەرکی خۆی لە بەشداری راستەوخۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆرەوە بۆ مەشق و راهێنان بە هێزەکانی عێراق دەگۆڕێت.
  
لای خۆیەوە راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئاماژەی بەوەکردوە، عێراق لەکاری هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت و لەداهاتوشدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرنامەی هەیە بۆ راهێنان و راوێژکاری بەردەوام لەگەڵ هێزەکانی عێراق.
   
دوێنێش جۆ بایدن، سەرۆکی ویلاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ هێزێکی شەڕکەری ئەمریکا لەدوای 31-12-2021ەوە لەعێراق بونی نامێنێت، بەڵام هاوبەشی نێوان واشنتن و بەغدا لەبواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×