"لەکۆی‌ هەزار تۆن غازی‌ ڕۆژانە، کۆمپانیای‌ داناغاز 300 تۆنی‌ دەفرۆشێتەوەو حکومەتیش بێدەنگە"
  2021-12-10       978       


بەوتەی‌ سەرۆکی‌ لیژنەی‌ وزەو پیشەسازی‌ لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەهۆی‌ ئەوەی‌ لە ئێستادا کۆمپانیای‌ داناغاز ڕۆژانە تەنها بڕی‌ 240 تۆن غاز بۆ سلێمانی‌ دابیندەکات لەکاتێکدا پێداویستی‌ پارێزگاکە لە غازی‌ سروشتی‌ نزیکەی‌ 500 تۆنە ئەمە قەیرانی‌ کەمی‌ غازی‌ ماڵانی‌ دروستکردووە، هاوکات لەکۆی‌ هەزار تۆن غازی‌ ڕۆژانە کە پشکی‌ پارێزگاکانە 300 تۆنی‌ بەشێوەی‌ بازرگانی‌ لەلایەن داناغازەوە دەفرۆشرێتەوەو حکومەتیش بێدەنگە.

ئاوێنه‌: کەریم عەلی‌، سەرۆکی‌ لیژنەی‌ وزەو پیشەسازی‌ لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەماڵپه‌ڕی‌ بوارنیوزی‌ ڕاگەیاندووه‌، ماوەی‌ چەند ڕۆژێکە گرفتی‌ کەمی‌ غازی‌ ماڵان لەسنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ و دەوروبەری‌ دروستبووە، ئەوەش بەهۆی‌ ئەوەی‌ ئەو ڕێژەغازەی‌ کە وەک پشکی‌ سلێمانی دەنێردرێت تەنها بڕی‌ 200 بۆ 240 تۆن غازە لەکاتێکدا پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕۆژانە پێویستی‌ بە نزیکەی‌ 500 تۆن غازدەبێت بۆ پڕکردنەوەی‌ پێداویستی‌ هاوڵاتیان.

ناوبراو ده‌ڵێت، وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەکان و حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستانیش بۆ خۆیان نایانەوێت ئەو گرفتە چارەسەر بکەن، چونکە ڕۆژانە کۆمپانیای‌ داناغاز بڕی‌ هەزا تۆن غاز وەک پشکی‌ پارێزگاکانی‌ هەرێم بەرهەم دەهێنێت بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەستی‌ لەگەڵدا کراوە، بەڵام لەو ڕێژەیە بڕی‌ 300 تۆنی‌ بەشێوەی‌ بازرگانی‌ لەلایەن کۆمپانیای‌ داناغازەوە دەفرۆشرێت و هێندەی‌ دیکە قەیرانەکەی‌ قوڵتر کردووەتەوەو لەبەرامبەریشدا حکومەت و وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەکان بێدەنگن.

سەرۆکی‌ لیژنەی‌ وەزەو پیشەسازی‌ لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئەوەشی‌ ڕونکردۆتەوە كه‌ بۆ چارەسەرکردنی‌ ئەو گرفتە حکومەت دەتوانێت فشار لەسەر کۆمپانیای‌ داناغاز دروست بکات بۆ ئەوەی‌ بەرهەمی‌ ڕۆژانەی‌ لە هەزار تۆنەوە بۆ هەزارو 300 تۆن زیاد بکات، بەڵام حکومەت بێباکە لەو بابەتە لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی‌ ئەوەی‌ لە ئێستادا پلەکانی‌ گەرما نزمبوونەتەوە خواست لەسەر بەکارهێنانی‌ غازی‌ ماڵان زیاتر بووە ئەوەش هۆکارێکی‌ دیکەیە کە قەیرانی‌ کەمی‌ غازی‌ ماڵان زیاتر دروستببێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×