بەرهەم ساڵح و مەكگۆرك كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان لەعێراق تاوتوێ دەكەن
  2021-12-12       405       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و برێت مەكگۆرك، رێكخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا، لە بەغدا كۆبونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد لەوانە كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە برێت مەکگۆرک، رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا و شاندی یاوەری.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و ئابوری و کولتوری و ژینگەیی لە رێگەی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان هەردو وڵات، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ھەردولا بکات، ھاوکات باس لە کۆتاییھێنان بە رۆڵی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رێگەی راوێژەوە کراو دوپاتکرایەوە لەگرنگی ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر.

هەروەها بەگرنگییەوە باس لە گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە کراو جەختکرایەوە لە پێویستی کۆتاییھێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ و بەیەکگەیشتن بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی ناکۆکی و بارگرژییەکان.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختیکردەوە لە رۆڵی گرنگ و میحوەری عێراق لە ناوچەکەدا، وەک پێکھاتەیەکی گرنگی سازان و سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابوری و بازرگانی و گەشەپێدان لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ وڵات و گەلانی ناوچەکە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×