كەمكردنەوەی سودی بانكی لەتوركیا، بەهای لیرەی زیاتر دابەزاند
  2021-12-16       552       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانكی ناوەندی توركیا، رێژەی سودی بانكی كەمتر كردەوەو بەوەش بەهای لیرەی توركی لەبەرامبەر دراوە جیهانییەكاندا، دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی.

ئاوێنە: بانكی ناوەندی توركیا، ئەمڕۆ رایگەیاند، لە درێژەی سیاستەكانیدا بۆ كەمكردنەوەی سودی بانكی، رێژەی سودی بانكی لە لەسەدا 15ەوە بۆ لەسەدا 14 دابەزاندوە.

دوای راگەیاندنی ئەو بڕیارە، بەهای لیرەی توركی لەبەرامبەر دراوە جیهانییەكاندا زیاتر دابەزی، بەشێوەیەك ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهای یەك دۆلار گەیشتە 15.65 لیرەی توركی و بەوەش لیرە لەچاو دوێنێ لەسەدا 5ی بەهاكەی خۆی لە دەستدا.

بڕیارەكەی بانكی ناوەندی بۆ كەمكردنەوەی رێژەی سودی بانكی لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیایەو ئەوەش لەكاتێكدایە كە رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە بۆ لەسەدا 21 بەرزبۆتەوە.

كەمكردنەوەی رێژەی سودی بانكی بەگشتی یاریدەدەرە بۆ بەرزبنەوەی رێژەی هەڵاوسان.

لەماوەی چوار مانگی رابردودا، بانكی ناوەندی توركیا، رێژەی سودی بانكی لە لەسەدا 18ەوە بۆ لەسەدا 14 كەمكردۆتەوەو هاوكات لەگەڵ ئەوەدا بەهای لیرەی توركی بەردەوام بوە لە دابەزین.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، بەهای لیرەی توركی لەبەرامبەر دۆلاردا، نزیكەی 7.5 لیرە بو بۆ هەر دۆلارێك و تەنانەت لە مانگی شوباتدا بەهای یەك دۆلار بۆ كەمتر لە 7 لیرە دابەزی.

دابەزینی بەهای لیرەی توركی لە ناوەڕاستی هاوینی ئەمساڵەوە دەستی پێكردو لەم  هەفتانەی دواییدا دابەزینەكە خێراتر بو.

لەمانگی ئەیلولدا بەهای یەك دۆلار 8.5 لیرەو لە ناوەڕاستی مانگی رابردودا نزیك بوەوە لە 10 لیرەو دوێنێش بەهای هەر دۆلارێك گەیشتە 14.82 لیرەی توركی.

بەگشتی لە مانگی ئەیلولەوە لیرەی توركی نزیكەی لەسەدا 40 بەهای خۆی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكیدا لە دەستداوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×