په‌رله‌مانتار عومه‌ر گوڵپى ونبونى سه‌دان ملیار دينارى له‌داهاتى هه‌رێم ڕاگه‌یاند
  2021-12-21       905       

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان ونبون و دیارنه‌مانى سه‌دان ملیار دینارى له‌ داهاتى حكومه‌ت هه‌رێم له‌ سه‌رچاوه‌ جۆراوجۆره‌كانى داهات ڕاگه‌یاند.

 
ئاوێنە: عومه‌ر گوڵپى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان داتاى داهات و خه‌رجیه‌كانى حكومه‌تى خسته‌ڕوو ڕایگه‌یاند، به‌پێى داتاى حكومه‌ت خۆى و به‌دواداچونى ئه‌وان سه‌دان ملیار دینار له‌ داهاتى پێنج مانگى ڕابردوى هه‌رێم نادیاره‌.

عومه‌ر گوڵپى سه‌ره‌تا باسى داهاته‌كانى كرد كه‌له‌ڕێگه‌ى 101 دۆسیه‌ كه‌ به‌ دواداچونى بۆ كردوه‌ 350 به‌دواداچونى لاوه‌كى له‌ خۆگرتوه‌ گه‌شتۆته‌ ئه‌م ئه‌نجامانه‌:-

داهات

-داهاتى نه‌وت له‌ كۆى یه‌ك ترلیۆن و 215 ملیار دینارى مانگانه‌ ته‌نها 512ملیار دینار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ى گشتى كه‌ ته‌نها له‌ 42% داهاتى نه‌وت ده‌كات ئه‌ویش به‌هۆى خراپى گرێبه‌سته‌كان،نه‌بونى چاودێرى وردبینى له‌ وه‌به‌رهێنانى نه‌وت و تێچوه‌كه‌ى، فرۆشتنى نه‌وتى پێشوه‌خته‌ به‌ نرخى هه‌رزان.

-داهات له‌ سه‌رچاوه‌ى گومرگه‌وه‌، بڕى داهاتى گومرگى 139ملیار دیناره‌ به‌پێى به‌دواداچونى ئه‌وان نزیكه‌ى 300 ملیار دیناره‌.

-داهات له‌ سه‌رچاوه‌ى باجه‌وه‌، له‌ ساڵى 2019 تێكراى مانگانه‌ى داهاتى باج 51 ملیار دیناربوه‌ به‌ڵام له‌ ساڵى 2020 كه‌م بوه‌ته‌وه‌ بۆ 45ملیار دینار له‌ساڵى 2021 داهاتى باج كه‌مبوه‌ته‌وه‌ بۆ 40 ملیار دینار له‌ كاتێكدا حكومه‌ت ده‌ڵێت باج ڕێكخراوه‌ته‌وه‌ ده‌بوو باج زیادى بكردایه‌.

-داهاتى ڕسومات و كرێى خزمه‌تگوزارى 75ملیار دینار له‌ ڕسوماته‌وه‌ دێَته‌وه‌ خه‌زێنه‌ى گشتى به‌ڵام له‌ڕاستیدا به‌پیى به‌دواداچونى ئه‌وان داهاتى رسومات گه‌شتۆته‌ 100 ملیار دینار.

-كۆى داهاتى ناوخۆ باج و رسومات و گومرگ و كرێى خزمه‌تگوزارى مانگانه‌ 62 ملیار دینارى كه‌متر بوه‌ و به‌هۆى هاتنى 200 ملیاره‌كه‌ى به‌غدا له‌كۆى داهاتى ناوخۆ زیاتر له‌ 900 ملیار دینار پاره‌ ماوه‌ته‌وه‌و له‌ حكومه‌ت ده‌پرسن ئه‌م پاره‌یه‌ چى لێهات ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ده‌ڵێت بۆ خه‌رجى وه‌زاره‌ته‌كانه‌ مانگانه‌ ئه‌گه‌ر 100 ملیاریشى دابێت به‌ وه‌زاره‌ته‌كان ئه‌وا 400 ملیارى هه‌رماوه‌

خه‌رجیه‌كان
- به‌پێى داهاتى حكومه‌ت داهات به‌به‌راورد به‌  خه‌رجى  زیاده‌ى هه‌یه‌، داهات  یه‌ك ترلیۆن و 111ملیار دینارى مانگانه‌یه‌ ئه‌مه‌ به‌پێى زانیارى حكومه‌ت به‌ڵام خه‌رجى مانگانه‌ 998 ملیار دینارى مانگانه‌یه‌ بۆ موچه‌و سه‌رجه‌م خه‌رجیه‌كان و جیاوازى نێوانیان 113ملیار دینارى مانگانه‌یه‌و حكومه‌ت مانگانه‌ ئه‌م بره‌ پاره‌یه‌ى له‌ مانگى پێنجه‌وه‌ زیاد بوه‌.

- به‌ڵام به‌پێى به‌دواداچونى ئه‌وان داهات 1ترلیۆن و 281 ملیار دینارى مانگانه‌یه‌و جیاوازى نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت بۆ زیاده‌ى داهات 170 ملیار دینارى مانگانه‌یه‌.

عومه‌ر گوڵپى سێ رێگه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م حكومه‌ت

یه‌كه‌م- ئاماده‌ى ڕوبه‌روبونه‌وه‌ن له‌ په‌رله‌مان
دوه‌م - ئاماده‌ى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ن له‌ دادگا
سێيه‌م- ئاماده‌ى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ن له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×