بەهۆی تەقەكردن لە خۆپیشاندەران پارێزگارێك دەستیلەكاركێشایەوە
  2021-12-23       487       

ئەحمەد غەنی خەفاجی پارێزگاری زیقار دەستیلەكاركێشایەوە و سەرۆك وەزیران پەسەندیكرد، هۆكاری ئەو بڕیارەی پارێزگار، برینداربوونی خۆپیشاندەرانی دوێنێی پارێزگاكەیە بە فیشەك.

ماوەی چەند ڕۆژێكە خۆپیشاندان لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق بەڕێوەدەبرێت، خۆپیشاندەران ناڕازین لە دۆخی نالەباری ژیانیان و داوای خزمەتگوزاری و دەستەبەركردنی دەرفەتی كار دەكەن و داواكارن ئەو دۆسیانەیان دابخرێن، كە بەهۆی بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019دا لە دادگا لەدژیان كراونەتەوە.

دوێنێ چوارشەممە خۆپیشاندانەكە گەیشتە دۆخێكی ئاڵۆز، سێ خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان برینداربوون، لە كاردانەوەی ئەوەدا پارێزگار دەستیلەكاركێشایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی پارێزگاری زیقاری پەسەندكرد، وەك نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەحمەد غەنی خەفاجی ئاشكرایكرد.

دەشڵێت، “ئەو بڕیارەی پارێزگار لە پەرۆشییەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتی بووە و لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتییانی پارێزگاكەدایە”.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×