کازمی: ئێمە تاکە وڵات نین کە پێکهێنانى حکومەتمان دواکەوتووە
  2021-12-26       326       

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت،تاکە چارەسەر بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ گفتوگۆیەو لەئێستاشدا ئەو گفتوگۆیە لە ئارادایە.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتەیەکدا لە کەنیسەی ماریوسف لەشاری بەغدا رایگەیاند" عێراق وڵاتێکى فرە ئاین و نەتەوەیە ئەمە خوا بەخشییویەتى بە عێراق و دەبێت پارێزگارى لێ بکەین، بۆیە دەبێت کار بکەین ناسنامەیەکى عێراقیانە دروست بکەن کە دوور بێت لە دەمارگیری ئاینى و نەتەوەیی".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەى بەوەشکردوە،ئەو بڕوای بە بنبەستی سیاسی نییە و عێراقیش نەگەیشتووە بەو بنبەستە، بۆیە گفتوگۆ جێگرەوەی هەموو ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانەوە.

کازمى ئەوەى خستەڕوو کە هەڵبژاردن بەڕێوەچووەو ئێستا گفتوگۆ هەیە بۆ پێکهێنانى حکومەت ئەوەش تاکە چارەسەرە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا، دەشڵێت" ئێمە تاکە وڵات نین کە پێکهێنانى حکومەتمان دواکەوتووە، بەڵکو وڵاتانى دیکەش هەن کە لەم پرسەدا رووبەرووی ئاستەنگ بوونەتەوە".

هەروەها سەرۆک وەزیرانى عێراق وتیشى" هیچ بژاردەیەکمان لە پێش نییە جگە گفتوگۆ نەبێت کە چارەسەرە بۆ بونیادنانی ئاییندەیەکی شایستە بۆ عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە؛ دەبێ گفتوگۆ هەلێک بێت بۆ ئومێد بەخشین، چونکە عێراق تەنیا لە رێگەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ بونیاد دەنرێت، نەک هەڕەشەو ئاڵۆزی".

سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە، لەچەند هەفتەی رابردوودا پۆلێنی عێراق لە بیمەدا دوو پلە بەرزکرایەوە؛ ئەوە یەکەمجارە لە ساڵی 2003ەوە ئەوە روودەدات و ئەوەش ئەنجامی پەڕەی سپی چاکسازی بوو کە رایانگەیاند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×