وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەکاریی کوشتنی کچێکی تەمەن 17 ساڵی لە بەغدای پایتەخت ئاشکراکرد و دەرکەوت دایکی بکوژەکەیە.
ئاوێنه: وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، دوای ئەوەی تەرمی کچێکی 17 ساڵان لە ناوچەی ئەبوغرێبی ڕۆژئاوای بەغدا دۆزرایەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکە، دایکی کچەکە بە ئاشکرا دانی بە تاوانەکەدا نا کە ئەو کچەکەی کوشتووە".
باسی لەوەشکردووە، "دوای دەستگیرکردنی دایکەکە بە مادەی 406ی یاسای سزدانی عێراقی و لێکۆڵینەوە زیاتر و ئەنجامدانی بەڵگە و تاوان، دەرکەوت دایکەکە ڕاستی کردووە و ئەو کچەکەی کوشتووە."
بەڵام لە ڕاگەیەنراوەکەدا هیچ زانیارییەک لەبارەى چۆنیەتی و هۆکاری کوشتنی کچەکە ڕوون نەکراوەتەوە.