یەکێتیی هاوردەو هەناردەکاران: ساڵی ڕابردو به‌به‌های‌ 20 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێم‌و وڵاتاندا کراوە
  2022-01-01       723       

سەرۆکی یەکێتیی هاوردەو هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ ساڵی 2021 جوڵەی بازرگانی بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 نزیکەی 20 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتاندا کراوە.
 
ئاوێنه‌: مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردەو هەناردەکارانی هەرێم بەرادیۆی روداوی راگەیاندووه‌، بەهۆی کۆرۆناوە لەساڵەکانی 2019 و 2020 جووڵەی بازرگانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی بو، بەڵام لە 2021 بەرزبووەوە، بازرگانیی هەرێمی کوردستان زۆرینەی لەگەڵ تورکیا بووە کە بڕەکەی نۆ ملیار دۆلارە، لەگەڵ ئێرانیش نزیکەی حەوت ملیار دۆلار بووە.
 
ئه‌وه‌شی‌ وت، "لەساڵی 2021 دا جوڵەی بازرگانی بەرێژەی 45% زیادیکردووە، هەرچەندە هەناردە بەرامبەر بەهاوردە کەمە، بەڵام هێشتا جێگەی دڵخۆشییە، چونکە هەندێک بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی وڵاتان دەکرێن و لەوێ دەفرۆشرێن."
 
ناوبراو ده‌ڵێت، "لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار و 52 کارگە هەن، لە هەموو جۆرەکانی بچووک و مامناوەند و گەورە، لە بواری پیشەسازیدا توانراوە هەندێک هەنگاوی گرنگ بنرێن، بۆ نموونە کۆمەڵێک کارگەی چیمەنتۆ هەن کە توانیویانە 15 ملیۆن تۆن بەشی پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین بکەن و 10 ملیۆن تۆنیش هەناردەی شارەکانی دیکەی عێراق بکەن، لە بواری شیش چەندین کارگەمان هەن کە دەتوانن پێداویستیی نێوخۆ دابین بکەن، پلانی ئێمەش ئەوەیە کە لە هەرێمێکی بەکارهێنەرەوە ببینە هەرێمێکی بەرهەمهێنەر."
 
لەبارەی ئەو بەرهەمانەی کە دەتوانن لەناوخۆ پشتی پێ ببەستن سەرۆکی یەکێتییەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "لە بەرهەمە شیرەمەنییەکان توانیومانە 50% پێداویستیی ناوبازاڕ و هاونیشتمانییان پڕبکەینەوە بە دروستکردنی هەندێک کارگەی دیکە دەتوانین هەناردەی وڵاتانیشی بکەین وەک چۆن ئێستا بەشێک لە بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وەکو ماست و پەنیر رەوانەی شارەکانی عێراق دەکرێن، لەگەڵ رێژەیەکی کەم لە هەنگوین و نانی تیری دەنێردرێنە دەرەوە."
 
لەبواری دەرمان و پێداویستیی تەندروستیشدا مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، باس لەوە دەکات كه‌ کارگەی ئاوا مێدیکا لە پیشەسازیی دەرمان توانیویەتی 12 جۆر دەرمان هەناردەی دەرەوە بکات، لەگەڵ بوونی 46 کارگەی روونی ئۆتۆمبێلیش کە بەشێک لە بەرهەمەکانیان رەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکەن.
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران ئاماژەی بەوەشکرد، لەرووی کەرتی کشتوکاڵیشەوە هەرێمی کوردستان خاکەکەی گونجاوە و دەرفەتی کارکردنی باشی تێدایە، ساڵی 2020 توانرا 81 تۆن هەنار هەناردەی بەریتانیا بکرێت و ساڵی 2021 ژمارەکە بەرزبووەوە بۆ 21 تۆن، لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیایەکی ئاو ماوەی دوو ساڵە بەردەوام ئاو هەناردەی وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، سوید و زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان دەکات.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ئەوەشی خستەڕو کە ساڵی 2021 وەرگرتنی مۆڵەتی هاوردە زیادبووە، چوار هەزار و 874 مۆڵەت وەرگیراون و بڕەکەیشی گەیشتووەتە شەش ملیار و شەش ملیۆن دۆلار.
 
مۆڵەتەکان بەو شێوەیەن، لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل سێ هەزار و 304 مۆڵەت، حاجی ئۆمەران 455 مۆڵەت، باشماخ 341 مۆڵەت، پەروێزخان 361 مۆڵەت، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر 294 مۆڵەت و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش 159 مۆڵەت لەلایەن بازرگانانەوە وەرگیراون. سەرۆکی یەکێتییەکە دەڵێت، "مەرجی مۆڵەتدانیش بە بازرگانان ئەوەیە کە کەسەکە خاوەن کۆمپانیا بێت و لە بواری خۆیدا کار بکات و ئەندامی ژووری بارزگانی یان یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران بێت."
 
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات، پلانیان هەیە لە ساڵی 2022 ئاستی گەشتە ئاسمانییەکان بگەیێننەوە ئاستی ساڵانی پێش هاتنی کۆرۆنا، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکارییان کردووە کە لە 2022-1-8 شاندێکیان بچێتە هیندستان کە وڵاتێکی بەرهەمهێنەرە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بەگەڕ بخەنەوە، لەگەڵ ئەوان و وڵاتانی دیکە کە جاران سەردانیان دەکردن لە کۆنگرە و پێشانگە نێودەوڵەتییەکان بەشدارییان دەکرد هانیان بدەن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی روو لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×