ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کارنامەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی ئاشکراکرد و کەسایەتییەکی سوننەشی وەک سەرۆکی کاتی ئەنجومەنەکە دیاریکرد.
ئاوێنه: ئەمڕۆ هەینی ٧ی کانوونی دووەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی ئاشکراکرد و (مەحمود مەشهەدانی)یشی وەک سەرۆکی کاتی ئەنجومەنەکە دیاریکرد،هەروەها لە راگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکی دانیشتنەکەی پەرلەمانی خولی نوێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد:" لە سەرەتایی دانیشتنەکەی پەرلەماندا، محمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داوا لە پەرلەمانتارەکان دەکات سوێندی یاسایی بخۆن، پاشان رێگەیان پێدەدات خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی کاندید بکەن".
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو:" دانیشتنەکەی پەرلەمان رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ٩ی کانوونی دووەم کاتژمێر ١١ی بەیانی ئەنجامدەدرێت و دەستپێکەکەشی لەلایەن ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرپەرشتیدەکرێت".