یەكەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت
  2022-01-08       741       

بڕیارە سبەی یه‌كشه‌ممه‌، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق ئەنجامبدرێت، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتن لەسەر پۆستە باڵاکانی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی حکومەت ئەنجامنەدراوە، هەرچەندە لایەنە سونیەکان لەسەر کاندیدکردنی محەمەد حەلبوسی بۆ سەرۆکی پەرلەمان ڕێککەوتون، بەڵام هێشتا ناوبراو لەناو پێکهاتەکەیدا ڕکابەری هەیە.

ئاوێنه‌: لەدانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمانی عێراقدا پەرلەمانتارانی عێراق سوێندی یاسایی دەخۆن‌و دانیشتنەکە لەلایەن مەحمود مەشهەدانی وەکو بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەبرێت، ڕەنگە هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەنجام نەدرێت، بەو پێیەی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق یەک پاکێجن و گەرچی محەمەد حەلبوسی کاندیدی سونەیە، بەڵام کورد و شیعە لەسەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ڕێکنەکەوتون.

بەگوێرەی دەستوری عێراق، لەیه‌كه‌م دانیشتنی‌ په‌رله‌ماندا (سەرۆكی پەرلەمان)‌و (دوو جێگر) بۆ سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن. 

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەپێی دەستور بەشێوەی "راستەوخۆو نهێنی"ی دەبێت، سەرۆكی‌و جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمان بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی پەرلەمانتاران هەڵدەبژێردرێن. 

ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (329) ئەندامە، زۆرینەی رەها، واتە دەبێت (165) پەرلەمانتار بەجیا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان‌و هەردوو جێگرەكەی بدەن. 

بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2005ەوە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی سوننەیە، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ شیعەیە‌و جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی كوردە. 

هه‌رچی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌كورده‌وه‌، تائێستا ناوی‌ دو كاندید ده‌هێنرێت بۆ پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان، ئه‌وانیش شاخەوان عەبدوڵا كاندیدی دەرچوی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبازنەی كەركوك‌و موسه‌نا ئه‌مین كاندیدی‌ ده‌رچوی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستانه‌ له‌بازنه‌ی‌ سلێمانی‌.

سەرباری هەندێك ناكۆكی، سوننەكان لەناوخۆیان لەسەر ئەوە رێككەوتون جارێكی تر (محەمەد حەلبوسی) بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكەنەوە. 

لەحاڵەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیشدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان کە یەکێکە لەئەگەرەکان، ئەوا لەنێوان محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەردا ڕێککەوتن کراوە، حەلبوسی بۆ سەرۆک پەرلەمان و خەنجەر بۆ جێگری سەرۆک کۆمار، بەڵام بەشێک لەپەرلەمانتارە سوننەکانی نێو هاوپەیمانێتیەکەی خەنجەر ناچنە ژێر باری ئەم ڕێککەوتنەوە، بەو پێیەی سوننەکان گروپ گروپ و پەرتەوازەن، ڕەنگە مەشهەدانی یەکێک بێت لە ڕکابەرەکانی حەلبوسی و بەشێک لەشیعەکانیش دەنگی پێبدەن و ڕکابەری دروست ببێت.

ئه‌گەر لەدانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمانی عێراقدا سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لەماوەی یاساییدا، ڕێککەوتن لەسەر پۆستی‌ سەرۆک کۆمارو سەرۆک حکومەت نەکرێت، ئەوا گرفتی یاسایی دروست دەبێت، ئەمەش یەکێکە لەهۆکارەکانی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×