بەرپرسێكی چێوەی هەماهەنگی: كورد و سوننە دڵنیاییانداوە هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ بەرەیەكی شیعەكاندا ناكەن
  2022-01-09       467       

بەرپرسێكی چێوەی هەماهەنگی دەڵێت، دڵنیاییان لە هێزە كوردی و سوننییەكان وەرگرتووە بەوەی بەتەنها هاوپەیمانی لەگەڵ ڕەوتی سەدر-دا ناكەن بەپێی هێزەكانی چێوەی هەماهەنگی.

عائد هیلالی، بەرپرس لە چێوەی هەماهەنگی، كە هێزە شیعییەكانی دەرەوەی ڕەوتی سەدر لەخۆدەگرێت، ڕایگەیاند، هەڵوێستی هێزی كوردی و سوننییەكان ڕوون و چەسپاوە لە سەرەتاوە تائێستا، ئەویش نەچوونە ناو هاوپەیمانییەوە لەپێناو دروستكردنی گەورەترین كوتلە لەگەڵ ڕەوتی سەدر بەبێ چێوە، هەروەك ناچنە هاوپەیمانی لەگەڵ چێوە بەبێ ڕەوتی سەدر، ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانین لەگەڵ ماڵی سیاسیی شیعە بەشێوەیەكی یەكگرتوو و تەواو.

میدیا عێراقییەكان لە زاری هیلالی ئەوەشیان دووپاتكردەوە كە هێزە كوردی و سوننییەكان لەوبارەیەوە دڵنیاییان داوە.

بەو وتەی ئەو، “لەبەر ئەو هۆكارە هەر كوتلەیەكی گەورە پێكبهێندرێت پێویستە لەلایەن ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی-یەوە بێت پێكەوە”.

بەرپرسەكە دووپاتیشیكردەوە، “بەپێچەوانەوەی ئەوە گرفتەكە لە ئایندەیەكی نزیكدا چارەسەرنابێت”.

بڕیارە ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا دوای چەند كارێكی ڕۆتینی، بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتیی دانیشتنەكە دەگرێتەئەستۆ و پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن.

سوننەكان، كە بووەتە عورف سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیان پێبدرێت، محەمەد حەلبووسی-یان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان كردووە، بەڵام ئەمڕۆ دەنگ لەسەر ئەو پرسە نادرێت، بەوپێیەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران یەك پاكێجە و هێشتا دوو جێگرەكەی دیارینەكراون، كە یەكێكیان بۆ شیعە و ئەوەی دیكەیان بۆ كوردە.

ئەمە جگە لەوەی لەسەر پۆستەكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماریش ڕێككەوتن نەكراوە، وەزیران بۆ شیعە و كۆماریش بۆ كورد دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×