کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کاتژمێرێک دواخرا
  2022-01-09       420       

راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان کە بڕیاربوو کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت، کاتژمێر دواخراوە.

ئاوێنە: کۆبوونەوەی پەرلەمان بەهۆی ئامادەنەبوونی فراکسیۆنەکان دواخرا، بەوپێیەی لەم کاتەدا پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر و فراکسیۆنی یەکێتی و چەند فراکسیۆنێکی دیکە لەپەرلەمانن و پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتیش تائێستا نەگەیشتوونەتە پەرلەمان.

هاوکات چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان داوایکردوە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ کاتژمێر 3:00 دوابخرێت، بەڵام فراکسیۆنی رەوتی سەدر جەخت دەکاتەوە کە کۆبوونەوەکە پێویستە پێش کاتژمێر 3:00  دەستپێبکات.

شەوی رابردوو پەرلەمانتارانی هەردوو هاوپەیمانی عەزم و تەقەدوم کۆبوونەوە و بەدەنگدان محەمەد حەلبوسیان وەک کاندیدی پێکهاتەی سوننە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلاییکردەوە.

هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان شاخەوان عەبدوڵا بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کاندید کردووە.

بەپێی ماددەی 55ـی دەستووری عێراق، لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەماندا، دوای ئەوەی پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن، دەبێت سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی سوننەیە و دوو جێگرەکەی کە پشکی کورد و شیعەن هەڵبژێردرێن، بەڵام لە ئەگەری رێکنەکەوتنی لایەنەکان، هاوشێوەی خولی پێشوو، ئەو پاساوە یاساییە لەبەردەستە کە دانیشتنەکە بەکراوەیی بهێڵدرێتەوە و دوانیشتنی دووەم وەکو تەواوکەری دانیشتنی یەکەم هەژمار بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×