پەرلەمانتار عامر فایز: سەرۆكایەتیكردنی دانیشتنەكەی پەرلەمان وەرناگرم
  2022-01-09       347       

پەرلەمانتار عامر فایز، كە دوای مەحمود مەشهەدانی، بەتەمەنترین پەرلەمانتاری عێراقە، لەپاش تێكچونی باری تەندروستی مەشهەدانی رایگەیاند، سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی پەرلەمان وەرناگرێت.

ئاوێنە: بەپێی میدیای رەسمی عێراق، عامر فایز، كە یەدەگی یەكەم بۆ سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق كە وەك جێگرەوەی مەشهەدانی سەرۆكایەتی دانیشتنەكە بكات، كەمێك لەمەوبەر رایگەیاندوە، سەرۆكایەتیكردنی دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق وەرناگرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە، لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا مەحمود مەشهەدانی، كە وەك بەتەمەنترین پەرلەمانتار، سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی دەكرد، دوای دروستبونی گرژی لەنێو پەرلەمان، باری تەندروستی تێكچو و دانیشتنەكەش بۆ پشویەك هەڵگیرا تا كوتلەكان دەگەنە رێككەوتن.

عامر حسێن جاسم عەلی فایز، لەدوای مەحمود مەشهەدانی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقە كە وەك یەدەگ بۆ سەرۆكایەتیكردنی یەكەم دانیشتن دیاریكراوە.

دوای ئەو پەرلەمانتارەش، وەك یەدەگی دوەم پەرلەمانتار خالید دەڕاجی دەستنیشان كراوە بۆ سەرۆكایەتیكردنی دانیشتنەكە، كە لە دوای مەشهدانی و فایز، بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×