"له‌ماوه‌ی‌ ٧ ساڵدا زیاتر له‌ ٤٦ هەزار پەنابەر گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بون"
  2022-01-11       529       

به‌گوێره‌ی‌ ئاماری‌ فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق، ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی گیان لەدەستدانی پەنابەران زیادی کردووە و لە ١٧٦ هەزار و ٤٠٦ پەنابەریش لە دەریای ناوەڕاستەوە هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپایانداوە، لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠٢١ ئەو پەنابەرانەی گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون پێکهاتووە لە ٤٦ هەزار و ٨٢ پەنابەر.

ئاوێنه‌: فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا ئامارەکانی ساڵی ڕابردوی کۆچبەرانی بڵاوکردەوەو دەڵێت لە ساڵی ڕابردوودا لە تورکیا ١٦٢ هەزار و ٩٩٦دەستگیرکراون کە پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلەی شەشەمدا بوون و ژمارەیان ٤هەزار ٤٠٨ پەنابەر بوون.

فیدراسیۆنەکە دەشڵێت، ژمارەی گیان لەدەستدانی پەنابەران لە تورکیا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ زۆر زیادی کردووە کە ساڵی ٢٠٢١ لەو وڵاتە ٤٠٣ پەنابەر گیانیان لەدەستداوە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی ئەو پەنابەرانەی گیانیان لەدەستداوە ٢٨٢ پەنابەر بووە.

فیدراسیۆنی پەنابەران ئاماری ڕێکخراوی ئای ئۆ ئێمی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ژمارەی گیان لەدەستدان و بێسەروشوێنانی پەنابەران بریتی بووە لە ٤٢٤٠ کەس، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا مژمارەکە زیادی کردووە بووەتە ٥٠٧٣ پەنابەر.

ئاماری ڕێکخراوەکە ئەوەشی تیادا هاتووە کە  لە ساڵی ٢٠٢١دا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە دەریای ناوەڕاستەوە هەوڵی پەڕینەوەیان بۆ ئەوروپاداوە پێکهاتوون لە ١٧٦ هەزار و ٤٠٦ پەنابەر، هەر لەو ساڵیدا زیاتر لە ١٣ هەزار هاوڵاتی عێراق و هەرێمی وکردستان داوای مافی پەنابەریان لە ئەڵمانیا کردووە.

فیدراسیۆنەکە وتوشیەتی لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ٢٠٢١ ژمارەی گیان لەدەستدان و بێسەروشوێنبونی پەنابەران بریتیە لە ٤٦ هەزار و ٨٢ پەنابەر، تا ئێستا تەرمی ٢٣ هەزار و ٣١٢ کەس نەدۆزراوەتەوە.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×