موقتەدا سەدر پێداگریی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی ده‌كاته‌وه‌
  2022-01-11       401       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر جارێكی‌ تر پێداگریی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت، دەرگای‌ کراوەیە بەرامبەر هەمو ئەو لایەنانەی کە بۆچونی بەرامبەریان "باشە". بڕیاره‌ ئەم شەویش چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان جارێکی دیکە کۆببێتەوە.

ئاوێنه‌: موقتەدا سەدر لەپەیامێکدا کە لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر بڵاویکردوەتەوە باسی لەوەشکردوە، رەوتی سەدر پێداگرە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی و دەرگاشی کراوەیە بەرامبەر هەمو ئەو لایەنانەی کە بۆچونی بەرامبەریان باشە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "رێگە بەهیچ کەسێک نادەین کە هەڕەشە لە هاوبەشەکانمان یان ئاشتی کۆمەڵایەتی بکات ئەگەر هەر کەسێک بێت، هەروەها یاسا دادوەر دەبێت و گەڕانەوە بۆ شەڕی مەزهەبی و توندوتیژی نیە".

لەبارەی حکومەتی داهاتوش رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، حکومەتی داهاتو حکومەتی یاسا دەبێت و رێگە بە پێشێلکاری نادەن، "ئەگەر ئەو پێشێلکارییە هەر چییەک بێت و هەر کەسێکیش ئەنجامی بدات".

هەر ئەمشەو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەماڵی شێخ هومام حەمودی بۆ تاوتوێكردنی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران و گرتنەبەری ڕێکارەکان گفتوگۆ دەکات.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵا لەدادگای فیدڕاڵی دەکرێت لەلایەن هەریەکە لە هاوپەیمانی فەتح و مەحمود مەشهەدانی.

ڕۆژی یه‌كشەممە ئەنجومەنەی نوێنەرانی‌ عێرق یه‌كه‌م کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا و تیادا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە ڕێکەوتنێکی شاراوەی سەدریەکان و پارتی‌ و تەقەدوم و عەزم هەڵبژێردران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×