رایتس ۆوچ لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سزادانی دەستگیركراوانی بادینان بە "جێی مەترسی" ناودەبات
  2022-01-13       651       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، لە راپۆرتی جیهانی ساڵانەی خۆیدا، ئاماژە بە دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەساڵی رابردودا دەكات و سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینان بە "جێگەی مەترسی" ناودەبات و دەشڵێت، سزادانی ئەم کەیسانە ناردنی ئاماژەیەکی رونە بۆ بێدەنگکردنی ئەو رۆژنامەنوسانەی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن.

ئاوێنە: هیومان رایتس ۆوچ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راپۆرتی جیهانی ساڵانەی خۆیدا، رایگەیاند، ساڵی 2021، حکومەتی عێراقی بەڵێنەكانی خۆی نەبردونەتەسەر بۆ لێپرسینەوەو سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسیار بون لە ئەنجامدانی توندوتیژی و پێشێلکاری دژبە خۆپیشاندەران و چالاکوانان و رۆژنامەنوسان و ئەو کەسانەی رەخنەیان لە دەسەڵاتدارانی سیاسی و هێزەکانی حەشدی شەعبی گرتوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، پێشێلکاریەکان بریتیبون لە ڕەشبگیری، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و کوشتن كە بەهۆی سەروەرنەبونی یاساوە، كار گەیشتە ئەوەی كە لە 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردودا، گروپە چەکدارەکان لەڕێی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە بۆ سەر ماڵەکەی، هەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی بدەن.

بەڵقیس والی، توێژەری باڵای قەیران و جەنگ لە هیومان ڕایتس ۆوچ وتویەتی، "هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی بەڕونی ئەوەی نیشاندا کە یاسا بەسەر گروپە چەکدارەکاندا جێبەجێ ناکرێت. تەنانەت ئەم گروپانە سڵ ناکەن لە ئەنجامدانی هێرشێکی بوێرانەی لەم جۆرە بۆ سەر سەرۆکی وڵاتەکە."

هەروەها لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا هیومان رایتس ۆوچ باسی لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لە كوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراقی كردوەو وتویەتی، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان تا كۆتایی ساڵی رابردو ئاشكرانەكراون و لەمیانی ئەوانەشی دەستگیركراون تەنها یەك پۆلیس یەک پۆلیس دادگایی کراوەو سزای مردنی بەسەردا.

هەروەك لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كردوە كە رێژەی دەنگدان تێیدا لەسەدا 36 بوەو وتویەتی، هەندێک لە سەرکردە گەنجەکان لە ترسا و نەیانتوانی خۆیان کاندید بکەن لەو هەڵبژاردنەدا لەبەرئەوەی هەڵهاتبون و ماڵ و حاڵیان جێهێشتبو؛ هەندێکی تریش لە گەنجان بێهیوا بون و هەستیان کرد دەنگدان هیچ شتێک لەبابەتەکە ناگۆڕێت.

هیومان رایتس ۆوچ بەشێكی دیكەی راپۆرتە جیهانییەكەی خۆی بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان تەرخان كردوەو تێیدا ئاماژەی بەوەدا كە "لە ساڵی 2021، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کەیسی لەدژی ڕۆژنامەنوسان جوڵاند بەهۆی نوسینەکانیانەوەو لە مانگی شوبات، دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر سێ ڕۆژنامەنوس و دو چالاکواندا سەپان،  لە هەریەک لە دادگاییکردنەکاندا پێشێلکاری یاسایی جدی هەبو لەگەڵ دەستتێوەردانی سیاسی لەسەرئاستی باڵا.

وتوشیەتی"دادگا هەستا بە ڕەتکردنەوەی بانگەشەی بەرگریکارەکان لەوەی ئەشکەنجەدراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە و وتی کە بەڵگەی پێویستیان نیە بۆ سەلماندنی ئەو بانگەشانە. ڕۆژنامەنوسێکی تر لە مانگی حوزەیران و ئەیلول سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی "خراپ بەکارهێنانی مۆبایل" و ناوزڕاندن. چوار ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی تر لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستگیرکران و سزای یەک تا دو ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا لە ٨ی تشرینی دوەم. کارگێڕ عەباس و بەنداوەر ئەیوب سزای ساڵێک و دو مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا. شیروان تەها سزای دو ساڵ و سێ مانگ زیندانی درا. مەسعود عەلی سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا درا."

بەڵقیس والی لەوبارەیەوە وتویەتی"جێگەی مەترسییە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان هەڵدەستن بە سزادانی خەڵک بەهۆی پەیڕەوکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو هەمو کەموکورتی و هەڵەیەی لە پرۆسەی دادگایکردنەکانیاندا هەیە. سزادانی ئەم کەیسانە ناردنی ئاماژەیەکی ڕونە بۆ بێدەنگکردنی ئەو رۆژنامەنوسانەی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×