دادگای فیدراڵی: راگرتنی كارەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كاریگەری لەسەر وادە دەستورییەكان نابێت
  2022-01-13       546       

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، راگرتنی كاتیی كارەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كاریگەری لەسەر وادەی دەستوریی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق و وادە دەستورییەكانی پێكهێنانی حكومەت نابێت.

ئاوێنە: دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، فەرمانی راگرتنی كارەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەرچوەو تایبەتە بە سكاڵایەك لەبارەی دروستیی ریكارەكانی دانیشتنی رۆژی 9ی ئەم مانگەی پەرلەمان كە تێیدا سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردران، كارناكەتە سەر وادە دەستورییەكانی تایبەت بە دوا وادە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو هەروەها رێكارەكانی راسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت.

بەپێی رونكردنەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، تەنها لەو حاڵەتەدا كاریگەری بۆ سەر وادە دەستورییەكان دروست دەبێت ئەگەر بێتو بڕیاری كۆتایی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی رێكارەەكانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بدرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەوە روینەداوەو لەوبارەیەوە دەبێت چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×