سروە عەبدولواحید: كاندیدكردنی كەسێك بۆ سەرۆكی كۆمار، هیچ كاریگەری لەسەر ئۆپۆزسیۆنبونمان نییە
  2022-01-14       768       

سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەو رەخنانەی لە بونی كاندیدی حزبەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەگیرێت، رایگەیاند"کاندیدکردنی کەسێک بۆ نیشاندانی سەربەخۆیی خۆت و نەبونت بە پاشکۆی لایەنی تر، هیچ کاریگەری لەسەر ئۆپۆزسیۆنبونی نەوەی نوێ و هاوپەیمانی لەپێناو خەڵکدا نییە، کە بە دڵنیاییەوە بۆ چوار ساڵی داهاتو ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک دەبین لە ناو پەرلەمانی عێراقدا."

ئاوێنە: دوێنێ رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، وەك كاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك(كە لە نەوەی نوێ و بزوتنەوەی ئیمتیداو ژمارەیەك پەرلەمانی سەربەخۆ پێكهاتوە)، خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدكرد، ئەوەش كاردانەوەی لای بەشێك لە چاودێرانی سیاسی دروستكرد لەسەر ئەوەی كە ئەو هەنگاوە، دژی بەڵێنەكەی نەوەی نوێ خۆیەتی كە رایگەیاندوە، دەبێتە ئۆپۆزسیۆن.

سروە عەبدولواحید، ئەمڕۆ هەینی، لەبەرامبەر ئەوەدا، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"کاندیدکردنی کەسێک لە لایەن هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک و هەروەها لە لایەن نەوەی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بۆ ئەوەیە کە نەوەی نوێ نیشانی هەمو عێراقی بدات کە ئەو پۆستانە بۆ دو حیزبی پارتی و یەکێتی قۆرخ نەکراون، بەڵکو ئێستا هێزی نوێ هەیە کە خۆی بە بەدیلی ئەو دو حیزبە دەزانێت و کار بۆ داهاتو دەکات، ئەگەر چی ئێستا سەد لە سەدیش دڵنیا بێت کاندیدەکەی دەرناچێت، ئەوا هەر بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم هەڵویستەی، تاوەکوە نەبێتە بەشێک لە هیچ کام لە دو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم."

بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ "هەم پارتی و یەکێتی ئەم هەنگاوەیان پێ ناخۆشەو حەزیان دەکرد هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک کە خاوەنی 28 کورسی پەرلەمانە، دەنگی بدایە بە کاندیدی لایەکیان و هەمیش هەندێک حیزبی ترو کەسایەتی و پەرلەمانتاری تری دەرەوەی ئەو دو حیزبە پێیان ناخۆشە ئەم هەنگاوە یاخود رەنگە لێی تێنەگەن، چونکە ئەوانە ئەوەتای هەن بەشێک بون لە پارتی یان یەکێتی یاخود بەشێک بون لە ئەجیندای باڵێکی ناو حیزبی دەسەڵات، و هیچ کات بە تەنها روئیای خۆیان نەبوەو خاوەن بریاری سەربەخۆی خۆیان نەبون. بۆیە ئێستاش لەوە تێناگەن کە کاندیدکردن تەنها لە پێناو ئەوەی گۆرەپانەکە بۆ پارتی و یەکێتی چۆڵ نەکەیت، زۆر جیاوازە لەوەی بە راستی پۆستی حکومەت وەربگریت و بچیتە ناو حکومەتەوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "کاندیدکردنی کەسێک بۆ نیشاندانی سەربەخۆیی خۆت و نەبونت بە پاشکۆی لایەنی تر، هیچ کاریگەری لەسەر ئۆپۆزسیۆنبونی نەوەی نوێ و هاوپەیمانی لە پێناو خەڵکدا نییە، کە بە دڵنیاییەوە بۆ چوار ساڵی داهاتو ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک دەبین لە ناو پەرلەمانی عێراقدا و پێشبینی دەکرێت کورسییەکانی ئەم هاوپەیمانییە بگاتە 40 کورسی پەرلەمان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×