نیویۆرك تایمز: واشنتۆن هۆشداری داوەتە تاران لەبارەی كردنە ئامانجی باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا
  2022-01-14       853       

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ بە چەند موشەكێك باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەی سەوزی بەغدا كرایە ئامانج، رۆژنامەنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە كە واشنتۆن هۆشداری داتەوە تاران لەبارەی ئەگەری دوبارەبونەوەی كردنە ئامانجی باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا.

ئاوێنە: ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، بەچەند موشەكێك باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كرایە ئامانج و باڵیۆزخانەی سیستمی بەرگری موشەكی بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەكەكان خستەكار.

بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە هێرشەكەدا، كچێكی منداڵ و ژنێك برینداربون و یەكێك لە موشەكەكانیش لەنێو قوتابخانەیەكی ناوچەكە كەوتۆتە خوارەوە.

هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لەكاردانەوەیدا بەرامبەر بە هێرشەكان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند"هەمیشە وتومانە، ئەم جۆرە هێرشانە، تەنها دەستدرێژی نین بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەكان، بەڵكو دەستدرێژیشن بۆ سەر سەروەری عێراق خۆی."

ئەمریكا گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران تۆمەتبار دەكات بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ وەڵامیان بۆ هێرشەكەی ئێوارەی دوێنێ دەبێت، بەپێی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، جۆن كێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، "ئەگەر وەڵام بدەینەوە، خۆمان كات و شوێنی وەڵامدانەوەكە هەڵدەبژێرین. بەدڵنیاییەوە ئێمە تێدەگەین كە ئەم جۆرە ھێرشانە بەردەوام دەبن و ئاشكراشە كە ئامانج لێیان زیانگەیاندنە، ئەگەر زیانی گیانیش نەبێت. ئێمە ئەم پرسە بەجددی وەردەگرین."

جۆن كێربی وتوشیەتی"لەڕێگەی چەند كەناڵێكی دیكەوە بۆ ئێرانییەكانمان رۆنكردنەوە كە چەند جددین لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسەدا."

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز هەروەها لەزاری چەند بەرپرسێكی عێراقییەوە رایگەیاندوە كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لە رێگەی عێراقەوە چەند پەیامێكی بۆ ئێران ناردون و تێیدا هۆشداریداوەتە تاران كە وەڵامیان دەبێت بۆ هێرشی زیاتر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×