پەڕلەمانتارێکی فەتح: بارزانی و حەلبووسیی پڕۆسەی سیاسییان لە عێراق بەرەو نادیاریی بردووە
  2022-01-14       789       

پەڕلەمانتارێکی سەر بە هاوپەیمانی فەتح لە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان رایگەیاندووە کە رەفتارە نەبەرپرسیارییەکانی هەریەک لە سەدر و بارزانی و حەلبووسیی پڕۆسەی سیاسییان لە عێراق بەرەو نادیاریی بردووە، جەختیشی کردۆتەوە کە بارزانی و حەلبووسی کاریان لەسەر شەقکردنی ناوماڵی شیعە کردووە.

ئاوێنه‌: ئەحمەد موسەویی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: چوارچێوەی هەماهەنگیی بڕیاریداوە لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە شەرعەتی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لەڕێگای دەنگدانی زۆرینەوە دەستەیەکی نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا، بڕیار لە بەردەوامیدان یان کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەدەن.

موسەویی ئەوەشی وتووە: پرۆسەی سیاسیی بەهۆی ڕەفتارە نابەرپرسیارێتییەکانی بەشێک لە سەرۆک پارتەکان، بەتایبەت مەسعوود بارزانی و محەمەد حەلبووسیی و خەمیس خەنجەرەوە بەرەو ئایندەیەکی نادیار دەڕوات، لەبەرئەوەی ئەو کەسانە کاریان لەسەر درووستکردنی درز لەناو ماڵی شیعەدا کردووە.

پەڕلەمانتارەکەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەکردووە کە پارتی و لایەنە سونییەکان سەبارەت بە پۆست و دەستەکەوتەکانی هەڵبژاردن پابەندی بەڵێنەکانی پێشوتریان نەبوون .

لەلایەکى دیکەوە بەشێک لە پەرلەمانتارانى  چوارچێوەى هەماهەنگی هێرش دەکەنە سەر بارزانى و حەلبوسی و بەوە تۆمەتاریان دەکەن کە کێشەیان خستووەتە ناو ماڵی شیعەوە، هاوکات بەرپرسیارییەتى ئاڵۆزبوونی دۆخەکە دەخەنە ئەستۆی ئەو دوو سەرکردەیە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×