بەرپرسی لقی پارتی لە مەخمور: هێزە عێراقییەکان سەرانە لە خەڵک وەردەگرن
  2022-01-14       187       

بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور ڕایگەیاند لە بازگەی مەخموور ھێزە عێراقییەکان رێگە نادەن ھیچ کەلوپەلێک لە ھەرێمی کورستانەوە بچێتە مەخموور یان بەپێچەوانەوە، تەنها بە سەرانە وەرگرتن نەبێت لە هاووڵاتییان.

 ئاوێنە: کرمانج عەبدوڵڵا بەرپرسی لقی قەرەچووغی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند: لە بازگەی مەخموور ھێزە عێراقییەکان ڕێگە نادەن ھیچ کەلوپەلێک لە ھەرێمەوە بچێتە مەخموور یان بەپێچەوانەوە و تەنھا شەوان نەبێت، ئەویش پارە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن ئینجا رێگە دەدەن، ئەمەش ستەمێکی گەورەیە لە خەڵک دەکرێت.

 کرمانج عەبدوڵڵا  ڕاشیگەیاند: خەڵکی مەخموور خۆپیشاندانێکیان ئەنجام داوە بە ھۆی ئەوەی لە مەخموور ھێزە عێراقییەکان ستەم لە کورد و خەڵکی مەخموور دەکەن، چونکە ڕێگە نادەن ھیچ کەلوپەلێک لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ مەخموور ببەن یاخود لە مەخموورەوە بۆ ھەرێمی کوردستان ببرێت کە زیاتر کەلوپەلی خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵکن.

هەروەها وتی: ھیچ ھۆکارێک نییە بۆ ئەو ڕێگریکردنە و تەنھا ستەمکردنە لەو خەڵکە و بە تایبەتیش کورد، چونکە ھیچ کارێکی نایاساییان نەکردووە.

بەرپرسی لقی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد مەبەستی ئەو ڕێگریکردنە بۆ ئەوەیە کە بە ڕۆژ ڕێگە بە خەڵک نادەن کەلوپەل ببەن و بە شەوانیش ڕێگەیان پێ دەدەن، ئەویش بۆ ئەوەی پارە و سەرانەیان لێ وەربگرن، بۆیە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە جددی بێنە سەر هێڵ و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە ئەوەی دەکرێت، غەدرێکی گەورەیە لە خەڵک.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×