د. مارف عومەر گوڵ كۆچی دوایی كرد
  2022-01-15       859       

پڕۆفیسۆر د. مارف عومەر گوڵ، ئەمڕۆ شەممە، بەهۆی نەخۆشییەوە لەنەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

ئاوێنە: د. مارف عومە گوڵ ماوەیەک بو بەھۆی خوێنبەربونی مێشکەوە لە ژێر چاودێری وردی پزیشکی دابو و ماوەی چەند رۆژێك بو باری تەندروستی ناجێگربو و ئەمڕۆ كۆچی دوایی كردوە.

د. مارف عومەر گوڵ لە ساڵی 1956 لە گوندی هەشەزینی سەربە ناحیەی سەنگاو لەدایكبوە.

لە ساڵی 1982 كۆلێژی یاسای زانكۆی بەغدای تەواو كردوە.

لە سالێ 1983 لە فەرمانگەی ئاودێری سلێمانی دامەزراوە.

لە ساڵی 1990 لە زانكۆی كییف لە وڵاتی ئۆكرانیا بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوەو یەكەم كەس بوە كە لە بواری جینۆسایدی گەلی كورددا نامەی ماستەرەكەی نوسیوە.

لە ساڵی 1995 لە هەمان زانكۆ بڕوانامەی دكتۆرای بە دەستهێناوە.

لە ساڵی 1999 وەكو مامۆستا لە كۆلێژی یاسای زانكۆی سلێمانی دەستبەكار دەبێت.

لە ساڵی (2005-2006) دەبێتە راگری كۆلێژی یاسا لە زانكۆی كۆیە.

راگری كۆلێژی یاساو رامیاری زانكۆی سلێمانی بوەو پلەی زانستی پرۆفیسۆربوە.

ساڵی  1982 لەسەر هەڵوێستی سیاسی ماوەیەك لە زیندانی (ئەمنی عامەی بەغدا) زیندانی بوە.

 خێزانداربوە و باوكی دو منداڵ بوە (كوڕێك و كچێك).

 سەرنوسەر وخاوەنی بڵاوكراوەی نێرگز بوە لە كەركوك.

چەندین كتێبی ئەكادیمی لە بوارەكانی یاسا و جینوساد بە چاپ گەیاندوە.

خاوەنی پێنج دیوانی شیعرییە بە ناوەكانی (هێلانەی نوغرۆ، خۆری زیندان، شاییەكی نھێنی، نیشتمانم دارستانی دەم روبار بو، شكۆی باڵگرتو) دواین بەرهەمی چاپكراویشی كۆكردنەوەی تەواوی دیوانە شیعرییەكانێتی لە دوتوێی یەك كتێبێكدا بە ناوی (پێنج دێوان).

دەیان وتار و بابەتی جۆراوجۆری  لە گۆڤار و رۆژنامە كوردی و عەربیەكاندا بڵاو كردۆتەوە.

زمانەكان (كورد، عەرەبی، روسی، فارسی، ئینگلیزی) زانیوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×