چوارچێوەى هەماهەنگی: گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەن
  2022-01-16       1031       

دوو پەرلەمانتاری چوارچێوەى هەماهەنگی شیعەکان رایدەگەیەنن کە لەدوای بریارەکەى دادگای فیدراڵی بۆ راگرتنى کارەکانى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە بۆ کۆکردنەوەى زۆرینە لەناو پەرلەمان.

ئاوێنە: محەمەد سەهیود پەڕلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند کە لەماوەی داهاتوودا ڕێڕەوی رووداوەکان گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا دێت، بەتایبەت لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵپەساردنی کارکردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەڕلەمان، هەروەک هیواشی خواستووە دادگای فیدراڵی پڕۆسەکە راست بکاتەوە و دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەران بە نادەستووریی و ناشەرعی هەژمار بکات.

سەهیود لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە تۆڕی هەواڵی عێراقی رایگەیاندوە، کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی سەرکردەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگیی" لە ماڵی عەمار حەکیم بۆ باسکردن بووە لە دۆخی سیاسیی عێڕاق، بەتایبەت دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ راگرتنی کاتی کارکردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کۆبوونەوە و هەموو بژاردەکانی بەردەمیان بۆ قۆناغی داهاتوو گەنگەشە کردووە.

لەلایەکى دیکەوە ڕەسوڵ رازیی پەڕلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانێتیی هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگیی" جەختیکردۆتەوە کە ئەوان گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیان لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەیە کە ژمارەی کورسییەکانیان 88 کورسییە، لەکاتێکدا ژمارەی کورسییەکانی رەوتی سەدر تەنیا 76 کورسییە.

هەروەک ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەگەر بێت و چوارچێوەی هەماهەنگیی بتوانێت 110 کورسیی لەناو پەڕلەماندا کۆبکاتەوە کە پێیدەوترێت "سێیەکی پەکخراو" ئەوە بەئاراستەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و هەنگاوەکانی داهاتوو دەڕوات لەناویاندا راگەیاندنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×