هێزه شیعه‌كانی نزیك له‌ئێران په‌یامه‌كانیان گه‌یانده كورد‌و سوننه‌و په‌رله‌مانتارێكى پێشوترى عێراقیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هێرشه‌كانى شه‌وى ڕابردوى سه‌ر لقی دوو بانكی هه‌رێمی كوردستان (بانكی كوردستان‌و بانكی جیهان) له‌به‌غدا، په‌یامێكی تونده بۆ كورد كه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌و ببنه هاوپه‌یمانی سه‌دریه‌كان، ئه‌وا خۆیان‌و به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوریه‌كانیان ده‌كرێنه ئامانج.
ئاوێنه: به‌كر ئه‌مین په‌رله‌مانتارى پێشوترى كورد له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بڵاویكردۆته‌وه، "هێزه شیعه‌كانی نزیك له‌ئێران په‌یامه‌كانیان گه‌یانده كوردیش، دوێنێ شه‌و هێرشكرایه‌سه‌ر ماڵی په‌رله‌مانتارێكی به‌ره‌كه‌ی (ته‌قه‌دوم‌و عه‌زم)ی سوننه‌كان‌و شه‌وی ڕابردوش دوو ته‌قینه‌وه‌ی هاوكات له‌به‌رده‌م لقی دوو بانكی هه‌رێمی كوردستان (بانكی كوردستان‌و بانكی جیهان) له‌به‌غدا ڕویاندا".
ده‌شڵێت:"ئه‌و هێرشانه په‌یامێكی تری هێزه شیعه‌كانه بۆ كورد كه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌و ببنه هاوپه‌یمانی سه‌دریه‌كان له‌به‌رامبه‌ر به‌ره‌كه‌ی تری شیعه كه به‌چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى ناسراون‌و نزیكن له‌ئێران، ئه‌وا خۆیان‌و به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوریه‌كانیان ده‌كرێنه ئامانج".
به‌وته‌ى به‌كر ئه‌مین، موقته‌دا سه‌در تائێستا سوره له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه خۆی به‌ته‌نها نوێنه‌رایه‌تی شیعه بكات‌و له‌گه‌ڵ كورد‌و سوننه‌دا حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی دروستبكات وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، له‌ناو كوردیشدا پارتی ڕازیبوه‌و یه‌كێتیش ئه‌گه‌ر بابه‌تی سه‌رۆك كۆماری بۆ یه‌كلایی ببێته‌وه ڕازیه بچێته هاوپه‌یمانیه‌كه‌یه‌وه.
به‌وته‌ى به‌كر ئه‌مین، له‌سوننه‌كان ته‌قه‌دوم ڕازیبوه‌و به‌ره‌ى عه‌زمیش به‌مه‌رج ڕازیه، له‌به‌رامبه‌ردا لایه‌نه‌كانی تری شیعه‌ی نزیك له‌ئێران فشاره‌كانیان چڕكردۆته‌وه تاوه‌كو به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وان حكومه‌ت دروستنه‌كرێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى پێشترى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ته‌ئكیدده‌كاته‌وه، "پێشتر وتومه‌و ئێستاش بۆ مێژوو ئه‌یڵێم پارتی‌و یه‌كێتی هه‌ڵه ده‌كه‌ن به‌حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتیمانی ڕازی ببن، چونكه له‌مه‌دای دوردا زیان له‌شه‌رعیه‌تی به‌شداریی كورد ئه‌دا له‌پرۆسه‌ی حوكمڕانی عێراقدا".
زیاتر له‌وباره‌یه‌وه بۆچونى وایه، "ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه بۆ خولێك‌و دوانیش‌و هه‌ندێك ئیمتیاز‌و پۆستی زیاتریان پێبدرێت، به‌ڵام شه‌رعیه‌تدان به‌دروستكردنی حكومه‌تی زۆرینه، ورده ورده به‌واقعی حاڵ ده‌گۆڕێت به‌حكومه‌تی زۆرینه‌ی شیعه كاتێك شیعه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ڕێكده‌كه‌ون، یاخود حكومه‌تێكی ته‌واو عه‌ره‌بی ئه‌گه‌ر پێویستیان به‌سونه‌بێت، به‌مشێوه‌یه‌ش به‌شداریپێكردنی كورد یان نابێت یاخود زۆر شكڵی‌و په‌راوێزی ده‌بێت‌و ده‌سه‌ڵاتی عێراقی ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌زهه‌بی هاوشێوه‌ی ئێران، یان نه‌ته‌وه‌یی هاوشێوه‌ی توركیا ده‌بێت".