سەرکردەیەکی سەربازی نزیک لە سيستانی لەهەوڵێکی کوشتن رزگاری بو
  2022-01-17       475       


شەوی رابردو دەستڕێژی گولـلە لەماڵی حەمید یاسری، فەرماندەی لیوای "انصار المرجعية" کرا لە قەزای رمیسەی سەر بە پارێزگای موسەننا لەباشوری عێراق، پاسەوانەکانی ئەو فەرماندەیەش وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە.

ئاوێنه‌: میدیاکانی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویانکردەوە، شەوی رابردو سێ چەکدار لەناو ئۆتۆمبێلێکەوە دەستڕێژی گولـلەیان لەماڵی حەمید یاسری، فەرماندەی لیوای "انصار المرجعية" کردوە و دوای روبەڕوبونەوەیان لەلایەن پاسەوانەکانی ئەو فەرماندەیەوە، چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتون.

حەمید یاسری یەکێکە لەپیاوە ئاینی و فەرماندە سەربازییەکانی نزیک لە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، مانگی ئابی ساڵی رابردوش لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا روبەڕوی هێرشێکی چەکداری دیکە بوەتەوە.

پێشتر یاسری لەلێدوانێکدا باسی لەوەکردبو، "ئێمە لە ئیمامی حسێنەوە فێری ئەوە بوین ئەوانەی جگە لە نیشتیمانەکەیان لایەنگری و هاوسۆزیان بۆ شوێنێکی دیکە هەیە، خیانەتکارن و  هەر ئەو لایەنانەش تۆمەتبارن بەکوشتنی ئەو خۆپیشاندەرانەی داوای مافەکانیان دەکرد".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×